رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا ئەمڕۆ واژۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەری واژۆکردنی لە رۆژانی داهاتوودا هەیە. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم لێکتێگەیشتنە تەنیا بۆ دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی ئەو پرسانەیە کە ناکۆکییان لەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-06-2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای هەمەدان رایگەیاند، "ئەم لێکتێگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان ئێران و ئەمریکا نییە، بەڵکو لێکتێگەیشتنێکە کە هێڵە گشتییەکانی بابەتە کێشەلەسەرەکان دەخاتەڕوو بۆ بڕیاردان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ."
لەبارەی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە بەقایی گوتی، "لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە ئێستا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، لەم قۆناخەدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا دەکاتەوە، لەوانەش لوبنان؛ بڕیاریش دراوە لەم قۆناخەدا باسی پرسی ئەتۆمی نەکرێت، بەڵام بڕیارە لە ماوەی 60 رۆژدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەتۆمی بکرێت."
لەبارەی کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، لێکتێگەیشتنەکە رۆژی یەکشەممە واژۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەری روودانی ئەمە لە رۆژانی داهاتوودا بەدوور نازانن. گوتیشی، بەهۆی ناجێگیریی لایەنی بەرامبەر، پێویستە لە هەر لێدوانێکدا لەسەر ئەم پرۆسەیە زۆر بە وردی و وریاییەوە بجووڵێینەوە.
ئەم لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت و دەستبەجێ تەنگەی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییەکاندا دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارسـی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئێران هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەقی لێکتێگەیشتنە پێشنیازکراوەکە نەداوە.
.jpg&w=3840&q=75)