رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەخت لە پێویستیی رزگارکردنی خەڵکی وڵاتەکەی لە ژێر گوشارە ئابوورییەکان دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، پێویستە چین بڕوا بەوە بهێنێت کە تاران هاوبەشێکی ستراتیژی و راستەقینەیە، نەک تەنیا کڕیارێکی کاڵاکانی.
رۆژی چوارشەممە، 17-06-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و نوێنەری تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری چین، لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئێران کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی رێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و پەکین.
قالیباف لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر دۆخی بژێویی خەڵک و رایگەیاند: "دەبێت ئەرکی سەنگەر لەو کەسانەی لەسەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکن وەربگرین، ئەمجارە ئێمە بوەستینەوە و خەڵک لەژێر گوشاری ئابووری دەربهێنین."
سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی تاران لەگەڵ پەکین، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، پێگەی چین بۆ وڵاتەکەی تایبەتە، بەڵام پێویستە شێوازی پەیوەندییەکان بەرەو هاوبەشییەکی قووڵتر بڕوات.
قالیباف گوتی: "دەبێت چین بڕوا بکات کە ئێمە تەنیا کڕیارێک و هاوتایەکی کاری بازرگانی نین، بەڵکو ئێمە بەڕاستی هاوبەشێکی تەواوەتی و راستەقینەی ئەوانین."
کۆبوونەوەکەی قالیباف لەگەڵ کەرتی تایبەت و ژووری بازرگانی لە کاتێکدایە، جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چڕتر بوونەتەوە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی یادداشتی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەشێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە و بڕیاریشە رۆژی هەینی لە جنێڤ، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کۆتایی بەو پرۆسەیە بهێنرێت.
.jpg&w=3840&q=75)