رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ رووینەداوە و ئاماژە بەوەش دەکات، بیرۆکەی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەلایەن سەرۆکەکانی هەردوو وڵاتەوە لەژێر تاوتوێکردندایە.
رۆژی چوارشەممە، 17-06-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "تاوەکو ئەم ساتە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی جنێڤ بەسەردا نەهاتووە."
سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەلایەن سەرۆک کۆمارانی هەردوو وڵاتەوە، بەقایی گوتی: "ئەم بیرۆکەیە خراوەتە ڕوو، بەڵام جارێ تاوتوێ دەکرێت."
ئەم لێدوانە فەرمییەی تاران لەکاتێکدایە، ئاژانسی (ئەکسیۆس) لە زاری دیپلۆماتکارانی وڵاتانی نێوەندگیر بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی واژۆکردنی یاداشتنامەکە بۆ ئەمڕۆ پێش بخرێت، تاوەکو ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە تەنگەی هورمزەوە هەیە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات بڕیارە رۆژی هەینی، کۆبوونەوەیەکی فیزیکی لە سویسرا لەنێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەبچێت، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ناوەڕۆکی یاداشتنامە 14 خاڵییەکە چییە؟
یاداشتنامەکە لەم خاڵە سەرەکییانە پێکهاتووە:
-راگرتنی شەڕ: کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان.
-سەروەریی خاک: رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکدی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
-ماوەی دانوستاندن: هەردوولا پابەند دەبن لە ماوەی 60 رۆژدا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی.
-لادانی گەمارۆی دەریایی: ئەمریکا دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لادەبات و هێزەکانی لە سنوورەکانی ئێران دوور دەخاتەوە.
-ئاسایشی تەنگەی -هورمز: ئێران رێڕەوێکی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دابین دەکات و مینەکان رادەماڵێت.
-ئاوەدانکردنەوەی ئێران: پلانێکی 300 ملیار دۆلاری بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران دادەڕێژرێت.
-هەڵگرتنی سزاکان: هەڵوەشاندنەوەی هەموو سزاکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی.
-دۆسیەی ئەتۆمی: ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمی نابێت و خەستیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆگاکراو کەم دەکرێتەوە.
-پاراستنی دۆخی ئێستا: ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رادەگرێت و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت.
-هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی فەرمی بۆ هەناردەی نەوتی ئێران دەردەکات تاوەکو بە نرخێکی ئاسایی بیفرۆشێت (نەک بە داشکاندن بۆ چین).
-ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان: هەموو سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران دەخرێنە بەردەست بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە.
-میکانیزمی چاودێری: دروستکردنی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە.
-دانوستاندنی فەرمی: دەستپێکردنی گفتوگۆی فەرمی لەسەر وردەکارییەکانی دیکە دوای واژۆکردن.
-پەسندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنەکە لە رێگەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبێتە پابەندکەر.
.jpg&w=3840&q=75)