رووداو دیجیتاڵ
جێگری پاراستن و بەکارهێنانی کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی تاران رایدەگەیێنێت، تاران رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی دەبێتەوە و کۆگای ئاوی بەنداوەکانی پایتەختی ئێران نزیکەی 300 ملیۆن مەتر سێجا لە دۆخی ئاسایی کەمترە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، جێگری پاراستن و بەکارهێنانی کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی تاران ئەمڕۆ 26ی ئایاری 2026، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ئاویی ئێستادا تاوەکو ئێستا 172.5 ملیمەتر بارانبارین لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە، لە کاتێکدا تێکڕای ئاسایی ساڵانەی ئەم پارێزگایە نزیکەی 280 ملیمەترە.
ئەم بەرپرسەی کەرتی ئاوی تاران ئەوەشی خستە روو کە ئێستا کۆی گشتیی یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای تاران تەنیا 504 ملیۆن مەتر سێجایە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بارودۆخی ئاساییدا دەگاتە نزیکەی 820 ملیۆن مەتر سێجا؛ ئەمەش نیشان دەدات کە پایتەختی ئێران بەدەست کورتهێنانێکی گەورەی ئاوەوە دەناڵێنێت.
بەپێی ئامارەکانی کەشناسیی ئێران، رێژەی کۆی گشتیی بارانبارین لە ئێران لە سەرەتای ئەم ساڵی ئاوییەوە تاوەکو 1ی جۆزەردان گەیشتووەتە 229.4 ملیمەتر؛ ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 63% زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری وزەی ئێران پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو گوتی: "رێژەی بارانبارین لە تاران 37% لە ئاستی ئاسایی خۆی لەپاشە."
هەروەها پێشتریش گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاندبوو کە 35 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە و دۆخەکە چووەتە قۆناخــێکی هەستیارەوە.
.png&w=3840&q=75)