رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی سێشەممە 26-05-2026 ئەمریکای تاوانبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا لە پارێزگای هۆرموزگان، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی پێشێلکردنەکە دیاری بکات.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر کۆگەکانی مووشەک و بەلەم لە باشووری ئێران کە هەوڵیان دەدا مین لە ئاوی کەنداو دابنێن. دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند، تەقەیان لە فڕۆکەکانی ئەمریکا کردووە کە هەوڵیان داوە بگەنە ئاسمانی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سوپای تیرۆریستی ئەمریکا، لە میانەی بەردەوامبوونی لە کردارە نایاسایی و بێپاساوەکانی لە دوای ئاگربەستەوە، لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەستی لە ناوچەی هۆرموزگان ئەنجامداوە."
هەروەها رایگەیاند، تاران "هیچ کردارێکی خراپ بەبێ وەڵام بەجێناهێڵێت و دوودڵ نابێت لە بەرگریکردن لە گەلی ئێران"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
راگەیێندراوەکەی رۆژی سێشەممە لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای ئێرانی لە قەتەر بوو لەچوارچێوەی بەردەوامیی گفتوگۆکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
