کەرتی کارەبای ئێران چووەتە نێو سەختترین قەیران لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا. کورتھێنانی پێشتر کە بڕەکەی 20,000 بۆ25,000 مێگاوات بوو، ئێستا بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە ماوەی 40 رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران (لە نێوان 28ی شوبات و 7ی نیسانی 2026 )، زیاتر قووڵ بووە. زیانگەیشتن بە زنجیرەی دابینکردنی گاز بەتایبەتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کێلگەی پارسی باشوور لە 18ی ئادار، هەڕەشەی لەسەر سووتەمەنی سەرەکی تۆڕێک دروستکرد کە زیاتر لە 80٪ـی پشت بە وێستگە گەرمییەکان دەبەستێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە لووتکەی خواست لەسەر کارەبا لە هاوین دا بۆ 77,500 مێگاوات و سنوورداربوونی توانای دامەزراوەیی بۆ وەڵامدانەوە، بەهۆی نەمانی سەرچاوە داراییەکان و قەرزی85 تریلیۆن تمەنی حکومەت بە کەرتی تایبەت، پێشبینی دەکرێت مانگەکانی داهاتوو کێشەی جیدی کارەبا لە ئیران سەرهەڵبدات.
قەیرانی پێش جەنگ
کێشەی کارەبای ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێنەکرد، بەڵکو کێشەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە. تەنانەت پێش جەنگیش، کەرتی کارەبای ئێران نەیدەتوانی نزیکەی 20٪ـی خواستی نیشتمانی لە لووتکەی بەکارهێنان دا دابین بکات. بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران ساڵانە بە رێژەی 5-6% زیاد دەکات، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنان تەنیا بە رێژەی 4% زیاد دەکات. کێشەی سەرەکی بەهۆی پشتبەستنی زۆرە بە گازی سرووشتی کە 90٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبا پێکدەهێنێت. بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی بەنداوەکانەوە کە لە تیۆریدا توانای دابینکردنی 14٪ی خواستی هەیە، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە چەند ساڵی رابردوودا، جێگەی متمانە نییە. عەلی نیکبەخت، سەرۆکی کۆمەڵەی وێستگەکانی کارەبای ئێران پێش جەنگ هۆشداری دابوو کە وڵات پێویستی بە زیادکردنی ساڵانەی 6,000 مێگاواتە، بەڵام تەنانەت یەک لەسەر سێی ئەو ئامانجەش بەدی ناهێنرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەوانیر( کۆمپانیای بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبای ئیران) ئاماژەی بەوەکردبوو کە پاراستنی خولی بەرهەمهێنانی کارەبا ساڵانە پێویستی بە 5 ملیار دۆلارە و، سێ ملیار دۆلاری دیکەش بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگی وزە پێویستە کە کۆی گشتی دەبێتە 8 ملیار دۆلار لە ساڵێک دا. ئەم بودجانە بەهۆی سزاکان و کەمیی داهات دابین ناکرێن. لە هەمان کاتدا، قەرزی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت گەیشتووەتە85 تریلیۆن تمەن ( نیو ملیار دۆلار).
کاریگەری جەنگ لەسەر کارەبای ئێران
ئەو ژمارانەی لەلایەن (تەوانیر)ـەوە بڵاوکراونەتەوە سەرنجڕاکێشن. محەممەد ئەڵاداد، بەڕێوەبەری تەوانیر دەڵێ، نزیکەی 2,000 ناوچەی تۆڕەکانی کارەبای ئێران کەوتوونەتە بەر هێرشی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ماوەی 40 رۆژی جەنگ دا. زیاتر لە 6,473 خاڵی ئامێرەکان، هێڵەکانی گواستنەوە و وێستگەکان زیانیان بەرکەوتووە. تەنیا زیانی دارایی راستەوخۆ بە 58.5 تریلیۆن تمەن دەخەمڵێندرێت.
خاڵی لاوازی ستراتیژی تۆڕەکە پێشتر دەستنیشان کرابوو. تێکدانی تەنیا 10 بۆ 15 ترانسفۆرمەری گەورەی کارەبا (کە لە ناوخۆ دروست ناکرێن) دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبا کە تاوەکو هاوینی 2026 یان2027 چاکناکرێتەوە.
کاریگەرترین رووداوی جەنگەکە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کێڵگەی زەبەلاحی پارسی باشوور لە 18ی ئاداری 2026 . هێرشەکە دامەزراوەکانی چارەسەرکردنی لە (عەسەلوویە) کردە ئامانج. پارسی باشوور رۆژانە 730 ملیۆن مەتر سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و 70٪ی بەکارهێنانی ناوخۆیی دابین دەکات. هێرشەکە زیانی بە 12٪ی کۆی بەرهەمهێنانی گازی ئێران گەیاند.
هاوینی ئەم ساڵ چی روودەدات؟
لە هاوینی 2025 دا، نزیکەی 40% بۆ 45٪ی کارەبای ئێران واتە نزیکەی 36,000 مێگاوات لەلایەن سیستەمەکانی ساردکەرەوەوە بەکارھێنراوە. ئارش نەجەفی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزەی ژووری بازرگانی، هۆشداریدا کورتھێنانی کارەبا لە 8,000 مێگاواتەوە بۆ زیاتر لە 23,000 مێگاوات زیادی کردووە و هاوینی ئەم ساڵ خەڵک رووبەڕووی لانیکەم دوو کاژێر پچڕانی کارەبای دەبنەوە.
وەڵامی حکومەت و تەوانیر
میدیای حکومیی ئێران و تەوانیر هەوڵدەدەن دڵنیایی بدەنە خەڵک. محەممەد ئەڵاداد رایگەیاند کە کارەکانی چاککردنەوە کۆتایی هاتووە و تۆڕەکە ئامادەیە. هەروەها کەمپەینی (25 پلە)یان دەستپێکردووە بۆ هاندانی خەڵک تاوەکو پلەی گەرمی سپلیتەکانیان لەسەر25 پلە دابنێن.
هاوردەکردنی کارەبا
حکومەت پەنای بۆ هاوردەکردنی کارەبا بردووە. پێشبینی دەکرێت هاوینی 2026 بەرزترین ئاستی هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتی ئازەربایجانەوە بۆ ئێران تۆمار بکرێت. هەروەها هەوڵی هاوردەکردن لە تورکیا و تورکمەنستانەوە دەدرێت.
بۆچی چاککردنەوە نابێتە چارەسەر؟
شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی جەنگ برینێکی کۆنی کولاندەوە، ئەگینا کێشەی کارەبای ئێران کێشەی چەندین دەیەی رابردووە.
1- نرخی کارەبا: نرخە هەرزانەکان وایکردووە خەڵک کارەبا بەفیڕۆ بدەن و وەبەرهێنەرانیش نەیێنە پێشەوە.
2- وزە نوێبووەوەکان: تەنیا 0.83٪ی کارەبای ئێران لە رێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت کە زۆر کەمە.
3- پەیوەندی گاز و کارەبا: هەر لێدانێک لە کەرتی گاز، راستەوخۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پەک دەخات.
