لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی کە ئەمڕۆ 10-6-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان باسی دۆخی نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و گوتی:""لەکاتێکدا رکابەرانمان سەرقاڵی کێشمەکێشی بێ بەرهەمی نێوان خۆیانن، هەروەک هەموو کاتیک گوتوومە، ئێمە تەنیا کاری خۆمان دەکەین، بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە، لە هەوڵ و کۆششی ئەوەداین ساڵی 2026 لە بابەتی سیاسەتی دەرەوەدا بکەینە بەرهەمدارترین ساڵ".
دادگە پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپەی لە ئۆزگور ئۆزەل وەرگرتوەتەوە و ئەویش ئاکپارتی تۆمەتبار دەکات. ئەردۆغان وەڵامی دایەوە و گوتی:" هەموو لایەنەکانی نێو کێشەکە ئەندامی جەهەپەن، دادگە لەژێر رۆشنایی بەڵگە و زانیارییەکاندا هەڵسەنگاندنی پێویستی کرد و لە ئەنجامدا بڕیاری خۆی دا. ئەو رووداوانەی دوای بڕیارەکەی دادگە روویان دا، راستیی ئێمەیان پشتڕاست کردەوە. ئەگەر سەرنج بدەن، سەرەڕای ئەو هەموو سووکایەتییەی دوور لە ئەدەب، نەریت و رێزی سیاسی بەرامبەر پارتەکەمان کرا، ئێمە دوای بڕیارەکەش خۆمان لە مشتومڕەکان بەدوورگرت، بە هیچ شێوەیەک دەست و زمانمان بەکارنەهێنا. گوێمان بە هێرشی بازرگانانی سیاسەت نەدا".

لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی هەڵوێست لەلایەن حکومەتەوە، ئەردۆغان گوتی:"تا ئەو کاتەی زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەی سیاسی نەگەیەنێت، پشێوییەکانی نێو جەهەپە هێندەی گەردیلەیەکیش پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. ئێمە هەرگیز نامانەوێ پەلکێشی ناو ئەو گێژاوە بکرێین. لایەنگری شەڕی دەستبەسەرداگرتنی کورسی و هۆڵەکان نین و نابین".
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" لەقەڵەم دا. ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکە دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
.jpg&w=3840&q=75)