رووداو دیجیتاڵ
هاڵک بانکی تورکی، رایگەیاند، ئەو دۆسیە سزاییەی نزیکەی نۆ ساڵە لە ئەمریکا لەبارەی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران بەردەوامە، چووەتە قۆناخی کۆتاییەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەبارەی بابەتەکەوە بۆ پلاتفۆرمی ئاشکراکردنی گشتی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، راپۆرتی پابەندبوون کە لە چوارچێوەی "رێککەوتنی دواخستنی دادگاییکردن" لە نێوان داواکاری گشتیی ناوچەی باشووری نیویۆرکی سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا و هاڵک بانکدا لە 11ـی ئاداری 2026 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتی خۆیدا رادەستی داواکاری گشتیی ناوچەی باشووری نیویۆرکی سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا و نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانیی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) کراوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای پێشکێشکردنی راپۆرتی پابەندبوون و بەپێی رێککەوتنەکە، هاڵک بانک و داواکاری گشتیی ناوچەی باشووری نیویۆرکی سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2026 داواکارییەکی هاوبەشی واژۆکراویان بۆ رەتکردنەوەی دۆسیە سزاییەکە پێشکێشی دادگەی ناوچەیی باشووری نیویۆرکی ئەمریکا کردووە.
بانکەکە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێ، دادگەی هەرێمی باشووری نیویۆرکی ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا داواکارییە هاوبەشەکە لەبەرچاو بگرێت و رەتکردنەوەی دۆسیە سزاییەکە پەسەند بکات و بەمەش ئەو دۆسیە سزاییەی کە نۆ ساڵە بەردەوامە، بەتەواوی کۆتایی دێت.
هاڵک بانک
هاڵک بانک لە سیستمی دادوەریی ئەمریکادا، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و سپیکردنەوەی پارەی ئێران دادگایی دەکرێت.
ئەو بانکە تورکییە دژی دادگاییکردنەکە، سکاڵای بردە دادگەی باڵای ئەمریکا (Supreme Court) و رایگەیاندبوو، لەبەر ئەوەی بانکی دەوڵەتێکی دیکەیە، پێویستە لە چوارچێوەی "یاسای پارێزبەندیی سەروەریی بیانی" (Foreign Sovereign Immunities Act) مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هاڵک بانک ساڵی 2023 هەمان سکاڵای بردبووە بەردەم دادگەی باڵای ئەمریکا و داواکارییەکەی رەتکرابووەوە. ئەو کاتە دادگەی باڵای ئەمریکا دۆسیەکەی بۆ دادگەیەکی خوارتر گەڕاندبووەوە و داوای کردبوو کە "بابەتی پارێزبەندییەکە" سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێت. دادگەی باڵای ئەمریکا بۆ جاری دووەم ئەو داواکارییەی رەتکردەوە.
دۆسیەی هاڵک بانک لەسەر پابەندنەبوون بە گەمارۆکانی سەر ئێران، ساڵی 2019 لەلایەن داواکاری گشتیی مانهاتنەوە کرابووەوە.
داواکارە گشتییەکانی ئەمریکا، هاڵک بانک بە "پابەندنەبوون بە گەمارۆکانی سەر ئێران" و "سپیکردنەوەی پارە" تۆمەتبار دەکەن. بە گوتەی داواکارە گشتییەکانی ئەمریکا، هاڵک بانک لە رێگەی ئێران، تورکیا و ئیماراتەوە تۆڕێکی گواستنەوەی پارەی دروستکردووە و نزیکەی 20 ملیار دۆلاری بەو شێوەیە گواستووەتەوە.
لە سکاڵانامەکەدا ئاماژە بەوەدرابوو کە هاڵک بانک داهاتی نەوتی ئێرانی گۆڕیوە بە زێڕ و پارەی کاش و لە بەرژەوەندیی ئێران بەکاریهێناوە. هەروەها بۆ رەواییدان بەم کارە "بەڵگەنامەی ساختەی گواستنەوەی خۆراک"ی ئامادە کردووە.
