رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (بی وای دی)ی چینی کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا، پڕۆژەی دروستکردنی کارگەکەی لە شاری مانیسای تورکیا راگرت، کە بڕیار بوو بە بەهای 1 ملیار دۆلار دابمەزرێنرێت. کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە لەم قۆناخەدا لەپێشینەی کارەکانیان بۆ وەبەرهێنان هەنگاریایە و هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە تورکیادا نییە.
ستێلا لی، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بی وای دی رایگەیاند: "وەک کۆمپانیا لەپێشینەی کارەکانمان پڕۆژەی وەبەرهێنانمانە لە بازاڕی هەنگاریا، دووەم تەرکیزیشمان دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو دەبێت بۆ بنیاتنانی دووەم کارگەی بەرهەمهێنانمان لەسەر ئاستی ئەورووپا."
بەپێی ئەم لێدوانە، پڕۆژەی کارگەکەی شاری مانیسا کە ساڵی رابردوو رێککەوتنی لەسەر کرابوو و بڕیار بوو ساڵانە 150 هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەم بهێنێت، پرۆسەی جێبەجێکردنی راگیراوە.
سەرەکیترین هۆکاری گۆڕینی ستراتیژیی ئەم کۆمپانیا چینییە، بۆ ئەو باجە گومرگییە قورسە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا بەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییە چینییەکاندا سەپاندوویەتی. کۆمپانیا چینیەکەش بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە گومرگییانە، دەیەوێت لە بری دروستکردنی کارگەی نوێ لە سفرەوە، ئەو کارگانەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بکڕێتەوە لە وڵاتانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا بەکارناهێنرێن، تاوەکو بە خێرایی دەست بە بەرهەمهێنان لە ناوخۆی ئەورووپادا بکات.
وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا، لە روونكردنەوەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، رێککەوتنامەی وەبەرهێنان، مەرجە دیاریکراوەکان، پابەندبوونی کۆمپانیاکە و ئەو دەستەبەرانەی پێشکەشی دەوڵەت کراون لە لایەن کۆمپانیاکەوە، لە رووی یاساییەوە وەک خۆیان کاران و کارپێکراون.
وەزارەتی پیشەسازیی تورکیا راشیگەیاند، ئەگەر وەبەرهێنانەکە تەواو نەکرێت، کۆمپانیاکان ناچارن بەپێی یاسا سەرجەم ئەو هاندەرە داراییانەی وەریانگرتووە بە دەوڵەت بگەڕێننەوە ئەگەر نا تووشی سزای یاسایی و دارایی دەبن.
لە تورکیا 5 براندی ئۆتۆمبێلی جیهانی کارگەیان هەیە و بریاربوو کۆمپانیای بی وای دی ببێتە یەکەم کۆمپانیای بیانی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی هایبرید و کارەبایی لە تورکیا.
.jpg&w=3840&q=75)