رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ سەر شارەوانیی "ئادالار"م، کە سەر بە جەهەپەیە لە پارێزگای ئیستەنبووڵ کرد. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرۆکی شارەوانی و 36 کەسی دیکە بە تۆمەتی "گەندەڵی و بەرتیل" دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ناوچەی ئانادۆڵوی ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە. عەلی ئەرجان ئاکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانیی ئادالار (سەر بە جەهەپە) لەگەڵ هەردوو جێگرەکەی بە ناوەکانی (حوسێن یڵماز و فرات دوراک) لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندان.
داواکاری گشتی بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ 47 تۆمەتبار دەرکردووە. ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی هاوکات لە 4 پارێزگای جیاواز و لە 90 ناونیشانی جیاواز بەڕێوەچوو. تاوەکو ئێستا 37 کەس دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، پرۆسەی گەڕان بەدوای 10 تۆمەتبارەکەی دیکەشدا بەردەوامە
تۆمەتەکان چین؟
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان و پشکنینی راپۆرتەکانی دامەزراوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK) هاتووە.
تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بریتین لە، وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی دارایی، ساختەکاری لە بەڵگەنامەی فەرمیدا، پێکهێنانی رێکخراوی تاوانکاری، پێشێلکردنی یاسای پاراستنی سەروەتە کولتوورییەکان و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات.
ناوچەی ئادالار کە ناوچەیەکی گەشتیاری و مێژوویی گرنگی ئیستەنبووڵە، یاسای تووندی پاراستنی ژینگە و شوێنەواری بەسەردا جێبەجێ دەبێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە ململانێی سیاسی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە لەسەر بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان گەیشتووەتە لووتکە. پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) ئەم هەنگاوە بە "ئۆپەراسیۆنێکی سیاسی" ناودەبات بۆ لاوازکردنی پێگەی پارتەکەیان لە ئیستەنبووڵ، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەکە تەنیا رێکارێکی یاساییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتی.
.jpg&w=3840&q=75)