رووداو دیجیتاڵ
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تێلێگراف"ی ئازەربایجانی رایدەگەیێنێت، ئامانجی ستراتیژیی "تورکیای بێ تیرۆر" دیموکراسی، ئارامی و ئیرادەی داهاتووی هاوبەشی وڵاتەکە بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی چەک و تووندوتیژی لە کایەی سیاسی.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەش کرد، بەدیهاتنی ئەم ئامانجە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی ناوخۆی تورکیا نییە، بەڵکو تورکیا دەکاتە هێزێکی ئاشتیخواز، بەهێز و بەڕێزتر لە ناوچەکەدا، لە قەوقازەوە تاوەکو بەڵقان و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە تاوەکو ئەورووپا.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لە رۆڵی سەرەکیی پەرلەمان کردەوە وەک ناوەندی ئیرادەی نیشتمانی و شەرعییەتی چارەسەرییەکان و گوتی: "لە رێگەی (لێژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) کە لە پەرلەمان پێکهێنراوە، توانیمان سەرجەم بۆچوونە سیاسییە جیاوازەکان و داواکارییەکان لە دەوری یەک مێز کۆبکەینەوە و لە کۆتاییدا راپۆرتــێک بە زۆرینەی دەنگ ئامادە بکەین. ئەرکی ئێمە لە پەرلەمان ئەوەیە کە ئەم ئیرادە هاوبەشە لە رێگەی یاسا و دیموکراسییەوە بگەیەنینە دەرەنجامێکی هەمیشەیی."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، شاندی ئیمراڵی لەبارەی دوایین دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسەنگاندنیان کرد و پەیامی ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوا دەکات پڕۆسەکە بخرێتە سەر بنەمایەکی یاسایی و پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بگرێتە ئەستۆ و داوای دەرکردنی "یاسایەکی چوارچێوەیی" بۆ پڕۆسەی چارەسەری کرد.
