رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی پێشوازیی لە محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کرد و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ خواست.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق و یەکەمین پارێزگاری تورکمانی کەرکووک لە ئەنقەرە سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی کرد.
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی لە هەژماری فەرمیی مەهەپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەوڵەت باخچەلی لە نووسینگەی خۆیدا لە ئەنقەرە پێشوازیی لە محەممەد سەمعان کردووە.
لە دیدارەکەدا باخچەلی وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە گەلی تورکمان کرد.
لە راگەیێندراوەکەی مەهەپەدا هاتووە، "سەرۆک دەوڵەت باخچەلی، لە نووسینگەی خۆیدا پێشوازیی لە بەڕێز محەممەد سەمعان ئاغا، یەکەمین پارێزگاری تورکمانی کەرکووک کرد. دەوڵەت باخچەلی وێڕای پێشکێشکردنی پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتنی، پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆزی لە تورکمانئێلی کرد."
هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان وەک یەکەمین پارێزگاری تورکمان لە کورکووک وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی بۆ پێگەی تورکمانەکان لە عێراق سەیر دەکرێت. باخچەلی لەماوەی رابردوودا هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکووک بە گرنگ و پاراستنی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەی نەتەوەیی ئەو شارە وەسف کردبوو.
محەممەد سەمعان، لە 16 نیسانی 2026 لە شوێنی رێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (کورد) هەڵبژێردرا.
