رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تیروپشکی نیشتمانیی تورکیا (MPI) لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرەوکردنی نایاسایی و قوماری ئۆنلاین، لە ساڵی 2025دا داوای داخستنی 84,585 ماڵپەڕی کردووە. هاوکات دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێکارەکانیان دژی هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا، ئەپڵیکەیشنە مۆبایلەکان و سیستمەکانی پارەدان کە پەیوەستن بەم چالاکییە نادروستانەوە، فراوانتر کردووە. یاریدەدەری سەرۆککۆماریش دەڵێت، گرەوەی نایاسایی ساڵانە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە تورکیا دەگەیێنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی تیروپشکی نیشتمانیی تورکیا بەردەوامە لە رێوشوێنەکانی بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیەشتن بەو ماڵپەڕانەی خزمەتگوزاریی قوماری ئۆنلاین و گرەوکردنی نایاسایی پێشکەش دەکەن یان رێکلامیان بۆ دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەی ئەو ماڵپەڕانەی کە داوای داخستنیان ئاراستەی دامەزراوەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی تورکیا کراوە، لە ساڵی 2022دا 24,815 ماڵپەڕ بووە، لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 168,030 ماڵپەڕ، لە ساڵی 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 232,899 ماڵپەڕ و لە ساڵی 2025یشدا 84,585 ماڵپەڕ بووە.
بەدواداچوونە ئەمنییەکانیش دەریانخستووە کە 51%ی ئەو ماڵپەڕە بلۆککراوانە سەرچاوەکەیان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاییـە، 7%یان لە ئەرمینیا، 7%یان لە دوورگەی ئایل ئۆف مان و 5%یشیان لە کۆڵۆمبیاوە تۆمار کراون. لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2025، بەڕێوەبەرایەتییەکە 556,818 ماڵپەڕی گرەوکردنی نایاسایی دەستنیشان کردووە و توانیویەتی 533,261 ماڵپەڕ دابخات.
هەڵمەتەکە لە ساڵی 2025دا هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەپڵیکەیشنەکانیشی گرتووەتەوە؛ بە جۆرێک داواکاری پێشکەش بە دادگاکان کراوە بۆ سنووردارکردنی 3,021 هەژماری سۆشیاڵ میدیا کە رێکلامی گرەوکردنیان کردووە، لەو ژمارەیەش 2,105 هەژماریان بلۆک کراون. هەروەها 1,902 ماڵپەڕی پەخشی فیلم و زنجیرە دراما کە رێڕەوی بەکارهێنەرانیان بەرەو ماڵپەڕی گرەوکردن دەگۆڕی، داخران. هاوکات لەسەر بنەمای راپۆرتــی وردبینیی بانکی ناوەندیی کۆماری تورکیا، سکاڵای یاسایی دژی 11 دامەزراوەی پارەدان و پارەی ئەلیکترۆنی و خاوەن پشکەکانیان تۆمار کراوە کە کارئاسانییان بۆ گواستنەوەی نایاسایی پارە کردووە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لە 19ی ئایاری 2026 لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا ساڵانە نزیکەی 60 ملیار دۆلار بەهۆی قومار و گرەوکردنی نایاسایی لەدەست دەدات. تورکیا لە ساڵی 2006ەوە یاسای تووندـی بۆ قەدەخەکردنی قوماری ئۆنلاین و گرەوکردنی پەسند کردووە، تەنیا رێگە بە چەند پلاتفۆرمێکی فەرمی و ژێر چاودێریی دەوڵەت دەدات. لە ساڵی 2024ەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ستراتیژییەکی نوێیان گرتەبەر کە تەنیا بە بلۆککردنی ماڵپەڕەکان نەوەستان، بەڵکو دەستیان بە تۆمارکردنی سکاڵای سزایی دژی بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕانە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکانی دابینکردنی ناوەڕۆک کرد. یەکێک لە پسپۆڕانی بوارەکە لەمبارەیەوە گوتی: "چیدیکە نابێت رێگە بدەین دارایی وڵات لەرێگەی ئەم ماڵپەڕە نایاساییانەوە تێکبچێت."
