رووداو- تەندروستی ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و ئۆگەندا هەشت هێندە زیادی کردووە و ئێستا 25 ناوچەی گرتووەتەوە. ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوی ڤایرۆسی ئۆبۆلا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و ئۆگەندا، گەیشتە نزیکەی 600 کەس و لانیکەم 100 کەسیش لە کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی تەندروستی، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە "لە پێشبڕکێدان لەگەڵ نەخۆشییەکەدا"، چونکە تا چەند هەفتەیەک دوای بڵاوبوونەوەی، نەخۆشییەکە دەستنیشان نەکراوە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە کەرەستەکانی پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی جۆری زاییر (Zaire)ی باوی ئۆبۆلا دروستکرابوون، نەک جۆری بۆندیبۆگیۆ (Bundibugyo)ی دەگمەن کە ئێستا بڵاوبووەتەوە. دکتۆر ماری رۆزێلین بێلیزێر لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند: "هیچ ئامادەکارییەک لەو ناوچەیەدا نییە کە ئێمە کاریلێدەکەین سیستمی تەندروستی زۆر لاوازە و ئێمە لە سفڕەوە دەست بە دانانی سیستمی چاودێری، رێگریکردن لە تووشبوون و چاودێریی کلینیکی دەکەین." دکتۆر بێلیزێر ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆمەڵگەکە پێشتر تووشی ئۆبۆلا بووە، بەڵام ئەمەیان جۆرێکی نوێیە کە هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی نییە، ئێستا دەبێت بۆیان روونبکەینەوە بۆ ئەوەی تێبگەن." رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە زیادبوونی جووڵەی خەڵک و خۆدزینەوەی نەخۆشان لە بنکەکانی چارەسەرکردن یان بەجێهێشتنیان، رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات ترس و زانیاریی هەڵە لەنێو کۆمەڵگەدا، بووەتە رێگر لەبەردەم دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان، بەدواداچوونی بەرکەوتووان و هەوڵەکانی کەرەنتینەکردن.