رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات، تەماشاکردنی یارییە وەرزشییەکان، چ بە شێوەی راستەوخۆ لەنێو یاریگاکاندا یان لەڕێگەی شاشەکانەوە بێت، کاریگەری ئەرێنی راستەوخۆی لەسەر باری دەروونی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ هەیە و هەستی تەنیایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەنگلیا روسکین، لە ئینگلتەرا، کراوە و پشتی بە داتای زیاتر لە 7 هەزار کەس بەستووە. دەرکەوتووە، ئامادەبوون لە یارییە وەرزشییەکاندا، هەستی بەهاداربوونی ژیان لای مرۆڤ بەهێزتر دەکات و ئەو دڵخۆشی و هەستە خۆشەی مرۆڤ لە چوون بۆ یاریگاوە دەستی دەکەوێت، زۆر زیاترە لەو دڵخۆشییەی کە بەهۆی هەبوونی ئیش و کارەوە هەیەتی.
هێلین کێیس، کە شارەزایەکی دەروونییە، دەڵێت: "کاتێک دەچیتە ناو جەنجاڵیی یاریگا و لە نزیکەوە تەماشای یاری دەکەیت، زیاتر لە ژیانی خۆت رازی دەبیت و کەمتر هەست بە تەنیایی دەکەیت."
دانیال وان، کە پسپۆڕێکی دەروونییە، دەڵێت: "ئەو کەسانەی بە دڵ هاندەری تیمێکی وەرزشین، متمانەیان بە خۆیان زیاترە و کەمتر هەست بە نامۆیی و تەنیایی دەکەن، چونکە هەست دەکەن بەشێکن لە گروپێکی گەورە." هەروەها دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر تیمەکەت بدۆڕێت، هێشتا هاندەری بوون بۆ دەروونت باشە، چونکە وات لێ دەکات هاوڕێی نوێ بدۆزیتەوە و هەست بکەیت ناسنامەیەکی تایبەتت هەیە."
