رووداو - تەندروستی
ئامارەکانی نەخۆشخانەی گشتیی ئاکرێ ئاشکرای دەکەن، مانگی رابردوو چوار هەزار و 388 کەس سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە و 13 کەس پێش ئەوە بگەنە نەخۆشخانەی بە مردوویی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و 12 کەسیش لەنێو نەخۆشخانە بەهۆی برین و دۆخی سەختیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-6-2026 د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی فێرکاریی گوڵان لە ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی پێش ئەوەی بگەیێندرێنە نەخۆشخانە، زۆرینەیان بە رووداوی هاتووچۆ و جەڵتەی دڵ و مێشک یاخود شێرپەنجەی کۆتا قۆناخەکانیان هەبووە.
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکی، دەبێت بۆ هەر 300 هەزار یاخود 600 هەزار کەسێک، سەنتەرێکی قەستەرەی دڵ هەبێت. ژمارەی دانیشتووانی قەزای ئاکرێ بە بەردەڕەشیشەوە نزیکەی 400 هەزار کەس دەبێت. د. سەروار موسڵیح لەبارەی بەشی قەستەرە لەو دەڤەرە گوتی، تائێستا ئەو بەشە نەکراوەتەوە، هەرچەندە رەزامەندی دراوە لەسەر دروستکردنی دراوە، تەنانەت ئەوەش باس دەکات کە یەکەی چاودێریی چڕیان نییە، لەبری ئەوەی یەکەی بووژاندنەوەی دڵیان هەیە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی باس کرد، ئێستا نەخۆشخانەکە 130 تەختی تێدایە و لەڕووی فریاکەوتن و راوێژکردن 24 کاژێر کراوەیە و خزمەتی نەخۆشەکان دەکات. بەڵام دەریخست، ''تەنیا لە ئاکرێ 253 خۆبەخش هەن و ئەگەر ئەوان نەبن، ناتواندرێت کارەکان بە باشی جێبەجێ بکرێن و پێویستیان بە دامەزراندنە''.
