رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردنی دوو تووشبووی تای خوێنبەربوونی لە شاری هەولێر راگەیاند کە باوک و کوڕی یەک خێزانن و باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو تووشبووە تەمەنیان 71 ساڵ و 39 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن.
دەستنیشانکردنی ئەم دوو تووشبووە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کرابێت. ئەمە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی هۆکاری تووشبوونیان، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەو باوک و کوڕە لە دوو هەفتەی رابردوودا لەناو ماڵەکەی خۆیاندا ئاژەڵیان سەربڕیوە و بەهۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین، ڤایرۆسەکە بۆیان گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، دوای سەردانیان بۆ نەخۆشخانە و گومانکردن لە نیشانەکانیان، "پشکنینی وردیان بۆ کراوە و تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراوەتەوە. ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان؛ باری تەندروستیی یەکێکیان تاوەکو رادەیەک جێگیرە و ئەوی دیکەیان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات جێبەجێکردنی رێنوێنییە تەندروستییەکان بەهەند وەربگرن و دەڵێت: "لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی گوماناوی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکرێنەوە. هەروەها ئەو کەسانەی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن یان بەرکەوتەیان لەگەڵ بەرهەمە ئاژەڵییەکان هەیە، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست بەبێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانە بکەن."
لەبارەی ئاماری تووشبووان لەم ساڵدا، وەزارەتەکە روونکردنەوەی داوە کە سەرەڕای هەبوونی چەندین گومانلێکراوی تووشبوون لە ماوەی رابردوودا، بەڵام دوای پشکنینەکان تەنیا ئەم دوو تووشبووە لە ناو هەرێمی کوردستان بە فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە، جگە لە دوو تووشبووی دیکە کە لە شارەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کرابوون.
