رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی سعودیە و بەشی تەندروستیی گشتیی وڵاتەکە رایدەگەیێنێت، گەرما یەکێکە لە ئاڵنگارییە جیدییەکان کە رووبەڕووی حاجییان دەبێتەوە لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن دەستبەجێ کەسەکە پشوو بدات و بچێتە نزیکترین بنکەی تەندروستی.
نیشانەکانی گەرمابردن
ئارەقکردنەوە
سەرسووڕان
هێڵنج
رشانەوە
جەڵتەی گەرما
وشکبوونەوەی جەستە
بوورانەوە
گیانلەدەستدان
نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
تۆخبوونی رەنگی میز
خێرا لێدانی دڵ
لاوازی
بێهێزی
سەرسووڕان
سەرئێشە
وشکبوونەوەی پێست
تینوویێتی
وشکبوونەوەی چاو
سستبوونی گورچیلەکان
لەهۆشخۆچوون
بەپێی وەزارەتەکە، حاجییان پێڵاوی دروست بۆ رێوڕەسم و فەریزەکانی حەج لەپێبکەن کە رێگربێت لە برینداربوون، هەروەها ئەوانەشی کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، راوێژ بە پزیشک و کەسە پسپۆڕەکانی تەندروستی بکەن ئینجا فەریزەکانی حەج جێبەجێ بکەن.
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە سعودیە هۆشداری دا لە خۆپاراستن لەم نەخۆشییە گوازراوانەی کە بەهۆی قەرەباڵخییەوە دەشێت بڵاو ببنەوە؛
- هەوکردنی پەردەی مێشک؛ پێویستە حاجییان کوتانیان کردبێت دژی ئەو نەخۆشییە.
- نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە؛ پێویستە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا و کۆڤید-19 بۆ بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لێدرابن.
- نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست MERS-CoV کە جۆرێکی کۆرۆنایە، باشترە حاجییان خۆیان لە بەرکەوتن بە حوشتر بپارێزن و شیری کەم کوڵاوی حوشتر نەخۆنەوە.
لەکۆتاییشدا حکومەتی سعودیە رایگەیاند کە حاجییان دەرمانەکانی ئەنسۆلین و هەندێک دەرمانی هەستیاری بە گەرما لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن و هیچ کاتێک بە پێخواسی نەبن.
.png&w=3840&q=75)