رووداو - تەندروستی
ماوەی دوو مانگە جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆوە سەریهەڵداوە و سەتان کەس بوونەتە قوربانی، تەنانەت ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆش. بە فەرمی توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بڕیاری دروستکردنی ڤاکسینێکیان داوە.
ئەو تیمە سەر بە پەیمانگەی زانستەکانی پەتازانیی زانکۆی ئۆکسفۆردن و رایدەگەیێنێت، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دروستکردنی ڤاکسین بۆ جۆرەکانی رابردووی ئیبۆلا، دەکرێت بە زووترین کات ڤاکسین بۆ ئەم جۆرە نوێیەش بدۆزرێتەوە کە پێی دەڵێن ''بوندیبوگیۆ''.
پرۆفیسۆر د. تێرێزا لامب، سەرۆکی بەشی ڤاکسین لە پەیمانگەی پەتازانیی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: وەکو قۆناخی یەکەمی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، گرنگە تووشبووان کەرەنترین بکرێن و بەدواداچوونیش بۆ دۆزینەوەی تووشبووان بکرێت تاوەکو خەڵکی دیکە تووشنەکەن.
لەبارەی قۆناخی دروستکردنی ڤاکسینەکە روونی کردەوە، دەکرێت بە خێرایی کاری لەسەر بکەن و گۆڕانکاریی بچووک لەسەر ڤاکسینەکانی رابردووی ئیبۆلا بکەن، دواتر لەسەر ئاژەڵ و پاشانیش مرۆڤ تاقیبکەنەوە.
ئێستا لە کۆنگۆ ئەوەی دۆخەکەی سەختترکردووە ناهۆشیاریی خەڵکەکەیە کە مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ ناکەن، لەگەڵیشیدا کەمکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتانی ئەفریقا. خەریکە ژمارەی تووشبووانی گومانلێکراوی جۆری بوندیبوگیۆی ئیبۆلا دەگاتە هەزار کەس.
ئامارەکانی قوربانییانی جۆرە نوێیەکەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ
ژمارەی تووشبووانی گومانلێکراو= 906 کەس
ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراو= 105 کەس
ژمارەی ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە و گوماندەکرێت بەهۆی ئیبۆلاوە بووبێت= 223 کەس
ژمارەی ئەوانەی پشتڕاستکراوەتەوە کە بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە= 10 کەس
رێژەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە= 50٪
ئەمەش بزانە
لە ساڵانی 2013 بۆ 2016 جۆرێکی ئیبۆلا بە ناوی زاییر بڵاو بووەوە کە زیاتر لە 11 هەزار کەسی کوشت و 28 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەم جۆرە نوێیەی دیکەی وەکو گرووپێکی هاوشێوە و نزیک لەو جۆرە بڵاو بووەتەوە.
