رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، سەبارەت بە بڕیارە جێبەجێنەکراوەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە 24 وڵات، کە تورکیاش یەکێکە لەوان گفتوگۆ دەکات. یەکێک لەو دۆسیانەی تاوتوێ دەکرێن، بڕیارە جێبەجێنەکراوەکانی تایبەت بە "دەستبەجێ ئازادکردن"ـی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیە.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە سێ مانگ جارێک بە مەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رێکدەخرێ، دوێنێ سێشەممە نۆ ـی حوزەیرانی 2026 لە ستراسبۆرگ دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ئەو دۆسیانەی بۆ لێکۆڵینەوەی ورد تاوتوێ دەکرێن، پەیوەستن بەو بڕیارانەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە جێبەجێکردنیان لە ئەلبانیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بەلجیکا، بۆسنیا، بولگاریا، قوبرس، چیک، فەرەنسا، جۆرجیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایسلاندا، ئیتاڵیا، مۆڵدۆڤا، مەسەدۆنیای باکوور، پۆڵەندا، پۆرتوگال، رۆمانیا، سلۆڤینیا، سویسرا و تورکیا دواکەوتووە و پەیوەستن بە پرسی پێشێلکارییەکانەوە.
بڕیارە جێبەجێنەکراوەکانی دەمیرتاش و کاڤالا تاوتوێ دەکرێن
لەنێو ئەو دۆسیانەی تاوتوێ دەکرێن، بڕیارەکەی رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2020 سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەیە، کە تێیدا هاتووە مافەکانی پێشێلکراون لە رێگەی "دەستگیرکردنی بێ بوونی بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدانی تاوان و بە مەبەستێکی شاراوە بۆ سەرکوتکردن و سنووردارکردنی ئازادیی مشتومڕی سیاسی؛ هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و دواتر دەستپێکردنی دادگەییکردن بە مەبەستی سزادان لەبەر لێدوانە سیاسییەکانی".
یەکێکی دیکە لە دۆسیەکان، بڕیاری دادگە لە 12ـی ئایاری 2020 سەبارەت بە عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکیایە، کە تێیدا هاتووە مافەکانی پێشێل کراون لە رێگەی "دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانە و درێژخایەن بێ بوونی گومانی دروست و تەواو لەسەر ئەنجامدانی تاوان".
بڕیارەکانی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا دەدرێن، رۆژی هەینی 12ـی حوزەیران لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ وڵاتانی پەیوەندیدار پابەندکەرن.
تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری تورکیا بێت، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکات.
بەڵام تائێستا هیچ کام لە بڕیارەکانی پەیوەست بە دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵا جێبەجێ نەکراون. بەپێچەوانەوە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا، سزاکانیان لە چەندین دۆسیەدا یەکلایی کراوەتەوە.
دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش
ئەو دۆسیەیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە. ئەمەش دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوکات لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەک "کوشتنی بەئەنقەست"، "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگایی کران.
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە حەوتی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
لە 15ـی ئایاری 2024 ـدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، سزای 42 ساڵ و 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
دۆسیەی عوسمان کاڤاڵا
عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکیا لە ساڵی 2017ـەوە بە ''تاوانی رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ خرایە زیندانەوە.
کاڤاڵا لە 18ـی شوباتی 2020 لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێ تاوانی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016 بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
