رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی ئەمشەوی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی گوایە دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی باڵای ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و پەسند کراون.
لە پۆستێکدا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ترەمپ نووسیویەتی: "لەبەر ئەوەی دانوستاندنـەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسەند کراون، من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلانبۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە."
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە رێککەوتنەکە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و دەڵێت: "دانوستاندنـەکان و خاڵەکانی کۆتایی، هەم لە رووی بیرۆکە و هەم لە رووی وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرێن، کوێت، ئوردن، میسر و چەندانی دیکە."
سەرەڕای گەیشتن بەو رێککەوتنەی کە خۆی باسی دەکات، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە گەمارۆکانی سەر ئێران دەستبەجێ هەڵناگیرێن و روونیکردووەتەوە: "گەمارۆ دەریاییەکە بەتەواوی هێز و کاریگەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەم رێککەوتنە تەواو دەکرێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ رایگەیاندووە کە "کات و شوێنی واژۆکردنەکە بەم زووانە رادەگەیێندرێت."
