رووداو دیجیتاڵ
هەیبەتوڵڵا ئەخوندزادە، رێبەری باڵای تاڵیبان، بە فەرمانێکی زارەکی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە تەواوی چەکدارانی و فەرمانبەرانی حکومەتی ئەفغانستان قەدەخە کرد؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات، وەک "تاوانبار" رەوانەی دادگای سەربازی دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڵگەنامەیەکی "بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و بەدواداچوونی مەرسووم و فەرمانەکان"ی تاڵیبانەوە دزەیان کردووە و میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، فەرمانەکە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دادگا سەربازییەکان، بەڕێوەبەرانی پۆلیس و بەرپرسانی هەواڵگریی هەشت زۆنەکەی ئەفغانستان دەرکراوە.
سزای تووند بۆ سەرپێچیکاران
لە رێنماییە نوێیەکەدا هاتووە، سەرۆکی دادگا سەربازییەکان لە هەشت زۆنەکەی وڵات بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی فەرمانەکە و دەبێت راپۆرتی ورد بنێرن بۆ نووسینگەی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە. بۆ ئەم مەبەستەش فۆرمێکی تایبەت ئامادە کراوە، کە تێیدا ناوی سەرپێچیکار، پلە، شوێنی کار، جۆری سیمکارت و ژمارەی مۆبایلەکەی تۆمار دەکرێت.
دوای دەرچوونی فەرمانەکە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا ئەندامێکی تاڵیبان مۆبایلە زیرەکەکەی دەشکێنێت. هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای (بەرمەل) لە ویلایەتی پکتیکا و 14 کارمەندی، بە بەیەکەوە مۆبایلە زیرەکەکانیان لەناوبردووە.
مۆبایل؛ "دوژمنی موسڵمانان"
پێشتر وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان، مۆبایلی زیرەکی وەک یەکێک لە "سێ دووژمنە سەرەکییەکەی موسڵمانان" ناوبردبوو. هەروەها وەزارەتی پەروەردەی تاڵیبان بردنی مۆبایلی بۆ ناو قوتابخانە و قوتابخانە ئاینییەکان قەدەخە کردووە.
پێشتریش لە هەندێک ناوچەی وەک ویلایەتی پەنجشێر، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بە پاساوی "ئەمنی" قەدەخە کرابوو، بەڵام ئەم فەرمانە نوێیە گشتگیرە و هەموو وڵات دەگرێتەوە.
مەترسیی زیاتری دابڕانی ئەفغانستان
بەشێک لە شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم قەدەخەکارییە دەبێتە هۆی دابڕانی زیاتری ئەفغانستان لە جیهانی دەرەوە. لە کاتێکدا جیهان بەرەو بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان هەنگاو دەنێت، بێبەشکردنی فەرمانبەرانی حکومی و هێزە ئەمنییەکان لە تەکنەلۆژیا، دەبێتە هۆی پاشەکشەی گەشەی ئابووری، پەروەردەیی و گەیشتن بە زانیارییە سەردەمییەکان.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان بەدەست قەیرانێکی قووڵی سیاسی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاڵیبان بەهۆی سنووردارکردنی ئازادییەکان، بەردەوامن.
