رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە
راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی
ئەمریکا (CIA) هۆشداریی داوەتە دۆناڵد ترەمپ و گوتوویەتی،
بەڵگە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن کە ئێران ئامادە نییە لە رێککەوتنی کۆتاییدا
دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت. ئەمەش وایکردووە تیمی باڵای ترەمپ لەسەر
رێککەوتنەکە ببنە دوو بەرەوە.
تیمی ترەمپ بوونەتە دوو بەش
"سێ سەرچاوەی
ئاگادار" بە ئەکسیۆسیان گوتووە، پێش ئەوەی رۆژی یەکشەممە لێکتێگەیشتنە
سەرەتاییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران رابگەیێندرێت، چەندین کۆبوونەوەی باڵا کراون. لەو
کۆبوونەوانەدا تیمی ترەمپ بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون:
- بەرەی گومانکاران: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس، وەزیری
بەرگری و جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA گومانیان لە رێککەوتنەکە
هەبووە.
- بەرەی پاڵپشتیکاران: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی ترەمپ، سەرسەختانە پاڵپشتییان لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە کردووە.
دەزگا هەواڵگرییەکان گوێیان لە قسەی نێوخۆیی
بەرپرسانی ئێران بووە و تێبینییان کردووە کە ئەو قسانەی بەرپرسانی ئێران لەنێوان
خۆیاندا دەیکەن، زۆر جیاوازە لەو بەڵێنانەی کە بە ئەمریکا و نێوەندگیرەکانی دەدەن.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە نیازی ئێرانییەکان
لەگەڵ ئەو بەڵێنانە یەکناگرێتەوە کە لە رێککەوتنەکەدا داویانە."
وەڵامی کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی داهاتوو
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بەرگری لە رێککەوتنەکە
کردووە و دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ گوێ لە هەموو بۆچوونەکان دەگرێت، بەڵام هەمووان
دەزانن کە لە کۆتاییدا ئەو بڕیار دەدات." هەروەها گوتی، ئەم لێکتێگەیشتنە
هێڵە سوورەکانی ئەمریکای پاراستووە؛ وایکردووە چیدیکە ئێران نەتوانێت
ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ناتوانێت یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی بهێڵێتەوە و ناتوانێت
سەرچاوەی وزەی جیهانی بە بارمتە بگرێت.
بڕیارە رۆژی هەینی، ڤانس، کوشنەر و ویتکۆف لەگەڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە
ئامادەبوونی نێوەندگیرانی پاکستانی و قەتەری کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناخی
داهاتوو.
نهێنییەکانی نێو رەشنووسی رێککەوتنەکە
ئەگەرچی دەقی رێککەوتنە 14 خاڵییەکە بەتەواوی
بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە رێککەوتنەکە 60 رۆژ دانوستاندن لەخۆدەگرێت بۆ
گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی. لەم ماوەیەدا:
- بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران بەڵێن دەدات هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست
نەکات. هەردوولا لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران گفتوگۆ دەکەن.
تاوەکو کاتی دانوستاندنەکانیش،
دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، واتە ئەمریکا سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێت،
ئێرانیش بەرنامەکەی بەرەو پێشتر نابات. ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی کرا، ئەمریکا لە
ماوەی 30 رۆژدا هێزەکانی دەکشێنێتەوە و سزاکان هەڵدەگرێت.
- تەنگەی هورمز: دەبێت بەم زووانە تەنگەی هورمز
بکرێتەوە. ئێران رێککەوتووە بۆ ماوەی 60 رۆژ "بێ بەرامبەر و بێ وەرگرتنی
باج" رێگە بە کەشتییە بازرگانییەکان بدات تێپەڕن. ئەمریکاش بەڵێنی داوە لە
ماوەی 30 رۆژدا بەتەواوی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران هەڵبگرێت.
- پارە سڕکراوەکەی
ئێران: ئەمە
یەکێک بووە لە سەختترین کێشەکان. رێککەوتنەکە دەڵێت، کاتێک رێککەوتنەکە جێبەجێ کرا،
ئەمریکا پارەکە ئازاد دەکات. واتە ئەمریکا بە سیستمی "هەنگاو بەرامبەر
هەنگاو" کار دەکات؛ ئەگەر ئێران هەنگاوی باش بنێت، ئەمریکاش بەشێک لە
پارەکانی پێدەدات.
- سندووقی 300 ملیار
دۆلاری: لە
رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی کرا، سندووقێکی دارایی بە بڕی 300
ملیار دۆلار بۆ "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری" ئێران دروست
دەکرێت، بەڵام ئەمریکا دەڵێت ئەمە تەنیا کاتێک دەبێت کە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی
هەڵبوەشێنێتەوە و چاکسازیی گەورەی ناوخۆیی بکات.
ئەکسیۆس دەڵێت، ئەو کەسانەی لە
ناوخۆی ئەمریکا رەخنە لە رێککەوتنەکە دەگرن پێیانوایە ئێران هەرگیز بەو مەرجە
ئەتۆمییانەی ئەمریکا رازی نابێت و لەم 60 رۆژەدا تەنیا سوود لە کاتەکە دەبینێت،
بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بۆمان
دەردەکەوێت ئایا ئێران جیددییە یان نا. ئەگەر جیددی نەبێت، پرۆسەکە رادەگرین پێش
ئەوەی ئێران هیچ سوودێکی گەورەی دەستبکەوێت."
