رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پەیمانگەی رۆیتەرز کە لە 48 وڵاتدا کراوە، تەنیا 37%ی خەڵک متمانەیان بە هەواڵی میدیاکان هەیە، ئەوەش نزمترین ئاستە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
ئەو رێژەیە سێ خاڵ کەمترە لە پار کە 40% بوو.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە خەڵک ناڕازین لە رووماڵکردنی بابەتە سەرەکییەکانی وەکو کۆچبەران، بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان و ململانێ نێودەوڵەتییەکان. لە هەمان کاتدا، بەکارهێنەران بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری.
زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و تۆڕەکانی ڤیدیۆوە دەستیان بە هەواڵەکان دەگات، لە کاتێکدا رێژەیەکی هاوشێوە بەردەوامن لە بەکارهێنانی ماڵپەڕە هەواڵییەکان و پەخشی تەلەڤزیۆنی. بەڵام متمانە بەو هەواڵانەی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بەدەست دێن بە نزمی ماوەتەوە، کە تەنیا 22%ـە.
هەروەها توێژینەوەکە سەیری رۆڵی گەشەسندووی ژیریی دەستکردی کردووە. متمانە بەو زانیارییانەی لەلایەن چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکردەوە پێشکەش دەکرێن لەسەر ئاستی 20% وەستاوە، هەرچەندە بەکارهێنانیان رووی لە زیادبوونە، بەتایبەتی لە نێوان گەنجاندا. بەکارهێنانی هەفتانەی چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان لە 7%ـەوە بۆ 10% بەرزبووەتەوە، و لە نێوان ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 35 ساڵەوەیە گەیشتووەتە 16%.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، متمانە بە هەواڵ بە 25% پێوراوە، کە ئەم رێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو نزمترە لە نێوان ئەو بەشداربووانەی لایەنگری سیاسییە کۆنەپارێزەکانن. چەندین رێکخراوی سەرەکیی هەواڵی ئەمریکی دابەزینی متمانەی گشتییان بەراورد بە ساڵی رابردوو تۆمارکردووە.
سەرباری گۆڕانی رەفتار و خووەکان، پشتگیری بۆ رۆژنامەگەریی بێلایەن بە بەهێزی ماوەتەوە. توێژەران دەڵێن بەکارهێنەران بەردەوام بەها بە راپۆرتکردنی دروست و هاوسەنگ دەدەن، تەنانەت لەو کاتەشدا کە لە ناو فۆرماتی نوێدا بەدوای هەواڵدا دەگەڕێن.
نزیکەی 100 هەزار کەس لەم توێژینەوەیەی رۆیتەرز دا بەشدار بوون، بۆیە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکانی جیهان لەسەر متمانە بە هەواڵ.
.jpg&w=3840&q=75)