رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و ئێران و نێوەندگیرەکان تاوتوێی ئەوە دەکەن یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ بکەن؛ ئەمەش بە ئامانجی کردنەوەی تەنگەی هورمز زووتر لەو وادەیەی پێشتر دیاریکرابوو.
ئاژانسی (ئەکسیۆس) رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 لە زاری دیپلۆماتکارێکی یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکان و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی واژۆکردنی یاداشتنامەکە پێش بخرێت بۆ ئەمڕۆ، تاوەکو ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە تەنگەی هورمزەوە هەیە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەگەر ئەمە رووبدات، پێشبینی دەکرێت کۆشکی سپی هەر ئەمڕۆ دەقی رێککەوتنەکە بڵاو بکاتەوە، لە کاتێکدا تاران پێداگری کردبوو تاوەکو کاتی واژۆکردن بە نهێنی بمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەگەری ئەم واژۆکردنە ئەلیکترۆنییە، بڕیارە رۆژی هەینی کۆبوونەوەی فیزیکیی شاندەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سویسرا بەڕێوەبچێت، تاوەکو دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تاوتوێ بکەن.
ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، کە تاوەکو ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە، بووەتە جێگەی مشتومڕێکی تووند لە واشنتن سەبارەت بەوەی تاران چەند قازانجی دارایی دەکات. بەپێی راپۆرتەکە، رێککەوتنەکە رێگە بە ئێران دەدات لە ماوەی 60 رۆژی دانوستاندنەکاندا بە ئازادی نەوت بفرۆشێت، ئەمەش دوای لادانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا.
خاڵە سەرەکییە داراییەکان بریتین لە:
ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان: واشنتن بەڵێنی داوە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی جەخت دەکەنەوە کە ئەمە تەنیا لە بەرامبەر هەنگاوی کردەیی تاران دەبێت.
سندووقی 300 ملیار دۆلاری: یەکێک لە هەستیارترین بڕگەکانی یاداشتنامەکە، پێشنیازی دروستکردنی سندووقێکی وەبەرهێنانە بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران". بەپێی سەرچاوەکان، ئەم بیرۆکەیە لە لایەن قەتەرەوە پێشنیاز کراوە و ئامانج لێی راکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتە لە وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ئاسیاوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ (فۆکس نیوز) جەختی کردەوە لەوەى ئەم پارەیە لە باجدەرانی ئەمریکییەوە نایەت و تاران تەنیا ئەو کاتە دەستی پێدەگات کە بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت، دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو (تۆزی ئەتۆمی) بێت و رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدات.
ناکۆکی لەسەر واژۆکردنی یەکەم
جۆرێک لە تەمومژ لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە هەیە. لە کاتێکدا بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە رۆژی یەکشەممە ترەمپ و ڤانس و قالیباف بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی رێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن واژۆکردنێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە و ئەوەی ئەمڕۆ (چوارشەممە) دەکرێت، یەکەم واژۆکردنی فەرمیی ئەلیکترۆنی دەبێت.
