رووداو دیجیتاڵ
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە فەرمی رایگەیاند، (یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد) بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆکراوە، کە دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا، تاران تەنگەی هورمز دەکاتەوە و واشنتن گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
رۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، شەهباز شەریف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شەرەفمەندە بە راگەیاندنی واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یاداشتە لەلایەن سەرۆکانی هەردوو وڵاتەوە [دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان] واژۆکراوە و لەلایەن خۆشییەوە وەک نێوەندگیر پەسندکراوە.
شەریف گوتی، واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لەسەر بەرزترین ئاستی حکومەتەکان، نیشانەی پابەندبوونی هەردوولایە بە چارەسەری دیپلۆماسیی گرژییەکان. سەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسیویەتی: "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و وەک هەنگاوی یەکەم، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ تەنگەی هورمز دەکاتەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی هەڵدەگرێت."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان پیرۆزبایی و پێزانینی خۆی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بەهۆی پابەندبوونی بەردەوامی بە دیپلۆماسی و پەسندکردنی چارەسەری ئاشتییانە کە یارمەتیدەر بوو بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و رێگریکردن لە دەرەنجامە کارەساتبارەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی. هەروەها ستایشی هەوڵە ماندوونەناسەکانی تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکای کرد، لەوانەش جەی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر.
شەهباز شەریف پێزانینی خۆی بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران دەربڕی بۆ "ژیری و دەوڵەتمەدارییان" لە قبووڵکردنی پرۆسەی ئاشتیدا. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستاندنکاری ئێرانی کرد، لەنێویاندا محەممەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و ئەسکەندەر مومینی، کە "بە ئارامی و دڵسۆزییەوە" کاریان بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان سوپاسی تایبەتیی سەرکردایەتیی قەتەری کرد لەگەڵ بەرز نرخاندنی رۆڵی سعودیە، تورکیا و میسر لەم بارەیەوە. هەروەها، شەریف ئاماژەیەکی تایبەتی بە رۆڵی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کرد بۆ ئاسانکاریی ئەم پێشکەوتنە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی.
شەریف هیوای خواست ئەم یاداشتە ببێتە بنچینەیەکی بەردەوام بۆ تێگەیشتنی زیاتر، رێزی دوولایەنە و خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ تەواوی ناوچەکە.
.jpg&w=3840&q=75)