رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دیاریکردنی "هەنگاوە کردەییەکان" بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، رافایێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە جنێف بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ هاوکارە ئەمریکی و ئێرانییەکانمان دابنیشین و دەست بکەین بە داڕشتنی ئەو هەنگاوە کردەییانەی کە پێویستە بنرێن."
ئەم لێدوانەی گڕۆسی دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەرەیانی ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، تاران رەزامەندی داوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر سووککردنی سزاکان و هاوکارییە داراییەکان.
پرۆسەیەکی تەکنیکی ئاڵۆز
بەگوێرەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، ئێران دەبێت خەستیی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی کەم بکاتەوە، ئەمەش لەژێر چاودێریی وردی پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆمدا دەبێت.
گڕۆسی لەمبارەیەوە گوتی، "ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆزە و پێویستمان بە وردەکارییەکی زۆر دەبێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بە ویستی سیاسی هەردوولا، چونکە کاتێک دوو لایەن بڕیار دەدەن کارێک بکەن، هەموو شتێک دەکرێت."
ئەم رێککەوتنە ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد. لە بەرامبەردا ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و تەنگەی هورمزی داخست، کە شادەمارێکی سەرەکیی ئابووری جیهانە. واشنتنیش لە بەرامبەردا گەمارۆی سەرجەم بەندەرەکانی ئێرانی دا.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی ئەتۆم، ئێران خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%، ئەم رێژەیە زۆر نزیکە لەو ئاستەی کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە.
لە وەڵامی تۆمەتەکانی تاران کە بڕیارەکانی ئاژانسەکە بە "سیاسی" ناو دەبات، گڕۆسی گوتی: "کاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کارێکی تەکنیکی و بێلایەنانەیە." گوتیشی، داننان بە رۆڵی ئاژانسەکە لەم یاداشتنامە نوێیەی نێوان واشنتن و تاران، بەڵگەی متمانەپێکراوی و گرنگیی ئاژانسەکەیە.
