رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئوستراڵیا رایگەیاند، گرووپێکی نوێ کە پێکهاتوون لە 7 ژن و 12 منداڵانی چەکدارانی داعش، دوای چەندین ساڵ مانەوە لە سووریا، بەرەو ئوستراڵیا بەڕێگەوەن. دەشڵێت، هەر کەسێک تاوانی کردبێت رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوستراڵیا رایگەیاند، ئەم هاووڵاتییانەی بە "بووکەکانی داعش" ناسراون، هەفتەی رابردوو کامپی 'رۆژ'یان جێهێشتووە. کەمپی رۆژ یەکێکە لەو کەمپانەی بۆ نیشتەجێکردنی خێزانەکانی چەکدارانی داعش له شاری دێریكی رۆژئاوای کوردستان تەرخانکراوە.
وەزیری ناوخۆی ئوستراڵیا رایگەیاند، ئەم گرووپە هیچ جۆرە هاوکارییەک لە لایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە وەرناگرن و گوتیشی: "هەر ئەندامێکی ناو ئەم گرووپە تاوانی کردبێت، دەبێت چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەی هێزی یاسا بێت. ئەمانە ئەو کەسانەن بڕیارێکی ترسناکیان دا بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوێکی تێرۆریستیی مەترسیدار و منداڵەکانیان خستە ناو بارودۆخێکی وەها کە وەسف ناکرێت."
هەر لەم مانگەدا 13 هاووڵاتیی دیکەی ئوستراڵیی سەر بە داعش، کە چوار ژن و 9 منداڵ بوون، لە سووریاوە گەڕانەوە. پۆلیسی ئوستراڵیا رایگەیاند، دوو لەو ژنانە (دایکێک و کچەکەی) هەر لە کاتی گەیشتنیان بۆ مێلبۆرن دەستگیرکراون. تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بۆ پشتیوانیی داعش چوونەتە سوریا، ژنێکیان وەک "کۆیلە" لای خۆیان هێشتووەتەوە.
هەروەها ژنێکی دیکەی هەمان گرووپ لە کاتی گەیشتنی بۆ سیدنی دەستگیرکرا و تۆمەتی "چوونە ناو ناوچەی قەدەخەکراو" و "پەیوەندیکردن بە رێکخراوی تێرۆریستی" ئاراستە کرا.
