رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی دەگمەنی کابینەی حکومەتەکەی، کە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە لە هاوینەهەواری "کامپ دەیڤد" بەڕێوەبچێت، بۆ ناو کۆشکی سپی گواستووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی خراپیی بارودۆخی کەشوهەواوە.
دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای ئەگەری خراپیی کەشوهەوا، کۆبوونەوەی کابینەکەمان (لە رۆژی چوارشەممە) لە کۆشکی سپی دەکەین و گەشتەکەمان بۆ کامپ دەیڤید دوادەخەین."
شەپۆلێکی باران واشتنی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت. چاوەڕوان دەکرێت تەوەرەی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە، پرسی دانوستاندنەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بێت.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کردبوو رێککەوتن لەگەڵ تاران نزیکە، بەڵام دانوستاندنەکان هێشتا پڕن لە گرژی. ترهمپ هۆشداریی دابوو کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هەیە. هەرچەندە رۆژی دووشەممە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) هێرشیکردە سەر چەند ئامانجێک لە باشووری ئێران، بەڵام رایگەیاند، ئاگربەست هێشتا بەردەوامە.
کامپ دەیڤید، کە هاوینەهەوارێکی دابڕاوە لە ناو گردەکانی ویلایەتی ماریلاند، لە مێژوودا شوێنی دیپلۆماسییەتی هەستیار بووە، وەک رێککەوتنی 1978ی نێوان ئیسرائیل و میسر. بەڵام ترهمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵات، تەنیا یەکجار سەردانی ئەوێی کردوە، ئەویش لە حوزەیرانی 2025دا بوو، تەنیا چەند رۆژێک پێش وەشاندنی گورزە سەربازییەکان بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
