رووداو دیجیتاڵ
ئەو دەستەڵاتەی بە جۆزێ مۆرینیۆ دراوە بە کەسی دیکە نەدراوە و 5 مەرجی سەرەکی لە رێککەوتنی نێوان جۆزێ مۆرینیۆ و فلۆرێنتینۆ پێرێزدا هەیە.
جوزێ مۆرینیۆ پێشتر گەیشتووەتە مەدرید، چونکە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رۆژی سێشەممە لە پایتەختی ئیسپانیا نیشتەوە، بڕیاریشە ریال مەدرید لە چەند کاژێری داهاتوودا بەفەرمی دەستنیشانکردنی وەک بەڕێوەبەری تەکنیکی تیپی یەکەم رابگەیێنێت.
ئەم هەنگاوە سەرەتای قۆناخی دووەمی مۆرینیۆیە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە ئەزموونێکە بە تێکەڵەیەک لە جۆش و خرۆشەوە تێیدا بەشدار دەبێت، بە پاڵنەری ئەو هەستەی کە هێشتا ئەرکێکی تەواو نەکراوی لەگەڵ یانە شاهانەکەدا هەیە.
بڕیارە ئەم هەفتەیە مۆرینیۆ بەفەرمی لە شارۆچکەی وەرزشیی ڤاڵدێبیباس دەست بەکاربێت، لە کاتی رێڕەسمێکی تایبەتدا کە گەڕانەوەی بۆ سەر کورسیی یەدەگی ریال مەدرید رادەگەیێنرێت، بەڵام راستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە چەند هەفتەیەکە دەستی بە کارەکانی کردووە، چونکە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کارگێڕیی وەرزشی هەبووە و نزیکەی رۆژانە کۆبوونەوە کراوە بۆ داڕشتنی پڕۆژەی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو.
ریال مەدرید هەوڵێکی دارایی گەورەی داوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مۆرینیۆ، بەجۆرێک 15 ملیۆن یۆرۆی بە یانەی بێنفیکا داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، لە هەنگاوێکدا کە نیشاندەری بڕوای فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەیە بەوەی ئەو گونجاوترین پیاوە بۆ سەرکردایەتیکردنی پڕۆژە وەرزشییە نوێیەکە.
کارکردن لە یەکەم رۆژەوە
هەرچەندە ناساندنی فەرمی ئەم هەفتەیە ئەنجام دەدرێت، بەڵام مۆرینیۆ نایەوێت هیچ کاتێک بەفیڕۆ بدات، چونکە دەستبەجێ لە ڤاڵدێبێباس دەست بە کارە مەیدانییەکانی دەکات، لەگەڵ هەوڵدان بۆ خێراکردنی هەموو رێکخستنە وەرزشییەکان بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی تیپەکە بە باشترین شێوە پێش دەستپێکردنی وەرز.
لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، مۆرینیۆ رۆڵێکی کارای هەبووە لە پرۆسەی بڕیاردان لە ناو یانەکەدا، بەو پێیەی سەبارەت بە دیارترین جووڵەکان لە بازاڕی گواستنەوەکاندا راوێژی پێ کراوە. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رەزامەندی دەربڕیوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی وەک دومفرێس، ئەستێرەی ئینتەرمیلان، و کۆناتێ دوای رۆیشتنی لە لیڤەرپوول، و نیکۆ پاز، یاریزانی کۆمۆی ئیتاڵی، کە ئەمانە وەک گرێبەستی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی تیپەکە دەبینێت.
دەسەڵاتی تەواو
ئەگەر شتێک هەبێت قۆناخی دووەمی مۆرینیۆ لە ئەزموونی یەکەمی لە ریال مەدرید جیابکاتەوە، قەبارەی ئەو پاڵپشتی و دەسەڵاتانەیە کە لە کارگێڕیی یانەکەوە وەریگرتووە. فلۆرێنتینۆ پێرێز و کارگێڕیی وەرزشی بۆیان دووپاتکردووەتەوە کە دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە هەموو بڕیارە وەرزشییەکاندا کە پەیوەندییان بە تیپی یەکەمەوە هەیە، لە گرێبەستەکان و پێکهاتەکانەوە، تاوەکو دەگاتە مەلەفەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و بڕیارەکانی رۆیشتن و دیسپلینی ناوخۆیی.
بەمەش وا دەردەکەوێت کە سەردەمی ئەو یاریزانانەی دەستکاری نەدەکران یان دەستوەردانی دەرەکی لە بڕیارە تەکنیکییەکاندا کۆتایی هاتووە، چونکە مۆرینیۆ خاوەنی دواوشە و دوابڕیار دەبێت لە هەموو ئەو کاروبارانەی پەیوەندییان بە کاروباری وەرزشیی تیپەکەوە هەیە. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە ئامانجێکی روونەوە دەگەڕێتەوە بۆ ریال مەدرید کە ئەویش گەڕاندنەوەی یانەکەیە بۆ لووتکەی تۆپی پێی ئەورووپا، ئەمجارەیان بە پاڵپشتی دەسەڵاتێکی فراوان کە تەنیا ژمارەیەکی کەمی راهێنەران لە مێژووی نوێی یانەکەدا بەدەستیان هێناوە.
