رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، بەر لە دوورخستنەوەی ماسیملیانۆ ئالێگری لە مەشقدانی یانەی میلان، دەمەقاڵە و شەڕی دەستەویەخە لە نێوان ئەو راهێنەرە و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی راوێژکاری یانەکەدا روویداوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، رووداوەکە چەند رۆژێک بەرلە دوورخستنەوەی ئالێگری و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی یانەکە بووە.
رۆژنامەی 'کۆرێرێ دێلا سێرا'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، "رووداوەکە لە رێستۆرانتێکی گرانبەهای میلانۆ روویداوە، کاتێک ژمارەیەک بەرپرسی یانەکە، گفتوگۆیان لەبارەی گۆڵپارێزی سێیەمی یانەکە، بۆ وەرزی داهاتوو کردووە".
رۆژنامەکە دەڵێ، "ئالێگری و زڵاتان مشتومڕێکی گەرم لە نێویاندا دروستبووە، دواتر سەریکێشاوە بۆ ئەوەی بەتووندی بەرامبەر یەکدی قسە بکەن، پاشان بۆ یەکتری هەڵساونەتەوە و شەڕی دەستەویەخە لەنێویاندا روویداوە، بەڵام ئیگێلی تاری، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کەوتووەتە نێوانیانەوە و لێکی کردوونەتەوە و نەیهێشتووە کێشەکە گەورەتر ببێت".
لێکەوتەکانی شەڕەکە
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە یانەی میلان رۆژی دووشەممە، دوورخستنەوەی ئالێگری لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند، ئەمە جیا لە دوورخستنەوەی چوار بەرپرسی کارگێڕیی یانەکە.
میلان رایگەیاندبوو هەریەکە لە جۆرجیۆ فۆرلانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری میلان، ئیگێلی تاری، بەڕێوەبەری وەرزشی، ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەکە و جیفری مۆنکادا، بەڕێوەبەری تەکنیکیی یانەکە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.
بڕیارەکە پاش یەک رۆژ لە وەرزە کارەساتاوییەکەی میلان هات کە تێیدا نەیتوانی سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات و هیچ نازناوێکیشی بەدەستنەهێنا.
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، ئەو بەکۆمەڵ دوورخستنەوەیەی بەرپرسانی یانە ئیتاڵییەکە، لە بەرژەوەندیی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی 44 ساڵانە کە راوێژکاری جیری کاردینالیی خاوەنی یانەکەیە، کە بەبنەچە ئەمریکییە.
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو بڕیارانە، دەسەڵاتی رەها دەدەنە ئیبرا لە بەڕێوەبردنی یانەکەدا.
ناکۆکییەکە کۆنترە
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی ئاشکرایانکردووە، پەیوەندی نێوان ئالێگری و زڵاتان لەسەرەتای وەرزەوە پڕ لە هەڵچوون و ناکۆکی بووە.
ئەو دوو پیاوە کە بڕیاربوو کاربکەن بۆ هەڵسانەوەی میلان و گەڕانەوەی بۆسەر سەکۆی نازناوەکان، زۆر دەمێکە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەگونجانیان لەپێناو کارکردندا زۆر زەحمەت بووە، چونکە بۆچوونیان لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی تیپەکە و گرێبەستی یاریزانانەوە، بۆچوونی زۆر جیاوازی تێدابووە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی کە فۆرلانیی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، راستەوخۆ رووبەڕووی زڵاتان ببێتەوە.
میدیای ئیتاڵیا گوتویانە، دەکرا ئالێگری لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام بێت، ئەگەر بیتوانیانە یانەکە بگەیەنێتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، چونکە لە گرێبەستەکەیدا خاڵێک هەبووە کە سەرکەوتنی میلان بۆ چامپیۆنزلیگ، ئۆتۆماتیکیەن گرێبەستی ئەو راهێنەرە بۆ وەرزێکی دیکە نوێدەکاتەوە.
هاندەران داوای رۆیشتنی ئیبرا دەکەن
ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەسەر یانەکەدا هاتن و قووڵیی ناکۆکییە گەورەکەی نێوان بەرپرسانی یانەکە، سەریکێشا بۆ ناڕەزایەتیی تووندی هاندەران.
دوای ئاشکراکردنی دوورخستنەوەی بەرپرسەکان، ژمارەیەک بەرچاوی هاندەرانی یانەکە لەبەردەم یاریگای سانسێرۆی تایبەت بە میلاندا کۆبوونەوە و دروشمی جیاوازیان بەرزکردەوە.
هاندەرانی یانەکە لە دروشمەکانیاندا گوتبوویان، "ئیبرا شەڕانگێزە" هەروەها نووسیبوویان، "ئالێگری و تاری تاکە کەسن کە راستییەکان دەڵێن".
هاندەرەکان هەروەها رەخنەی تووندیان لە یاریزانانی یانەکە گرت و ئەوانیان بەبەرپرس دانا لە لەباربردنی خەونەکانی پڕۆژەی هەڵسانەوەی یانەکە و داڕووخانی.
هاندەرانی میلان پێیانوایە کێشەی یانەکە، تەنیا پەیوەست نییە بەئەنجامی خراپەوە، بەڵکو پەیوەستە بە خراپ بەڕێوەبردنی تیپەکە کە دەسەڵاتداری یەکەم تێیدا، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچە.
هەواڵەکانی دۆخە خراپەکەی میلان و کێشەکانی لە کاتێکدایە کە میدیاکان باس لە ویستی یانەکە دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی، ئاندۆنی ئێراولا بە راهێنەری داهاتووی تیپەکە.
