رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەلێکساندەر فیلین، تەمەن 29 ساڵ کە سەربازێکی پلە باڵایە، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە خاکی لوبنان کوژراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی هەمان رووداوەوە، ئەفسەرێک، ئەفسەرێکی یەدەگ و سەربازێکی یەدەگ بریندار بوون. هەروەها پلەدارێک، سێ سەربازی یەدەگ، کە یەکێکیان ژنە بریندار بوون.
ئەم پێشهاتە سەربازییە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆکرد، کە پێشبینی دەکرێت بەگوێرەی مەرجەکانی، شەڕ لە سەرجەم بەرەکان لەوانەش بەرەی لوبنان رابگیرێت.
دوای ئەوەی حیزبوڵڵای لایەنگری تاران لە 2ـی ئادار بە ئاراستەکردنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ ئێران دووپاتکردەوە، لوبنان کێشرایە ناو پێکدادانە بەرفراوانەکانەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بۆردوومان و هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 800 کەس لەو وڵاتەدا.
لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە لە دوای 2ی ئادارەوە، 31 سەرباز و یەک بەڵیندەری سڤیلی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کوژراون.
