رووداو دیجیتاڵ
دوای واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز دەستیپێکردەوە و کەشتییەکی گەورەی گازی سرووشتیی فەرەنسا، وەک یەکەم کەشتیی ئەو وڵاتە لە دوای دەستپێکی جەنگ، تەنگەکەی بڕی.
بەگوێرەی پلاتفۆرمی (مارین ترافیک) بۆ چاودێریی کەشتییەکان، رۆژی پێنجشەممە، کەشتی (Mraikh) کە ئاڵای فەرەنسای لەسەر بووە و تایبەتە بە گواستنەوەی گازی سرووشتیی شلکراوە، لە تەنگەی هورمز تێپەڕی و بەرەو دەرەوەی کەنداو بەڕێکەوت.
ئەو کەشتییە کە سەر بە کۆمپانیای (Knutsen OAS Shipping)ی نەرویجییە و لقی نانتی فەرەنسی بەڕێوەی دەبات، یەکەمین کەشتیی فەرەنسییە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئەو رێڕەوە ئاوییە ببڕێت.
کەشتییەکە 76 هەزار و 535 تۆن گازی سرووشتیی شلکراوەی بارکردووە؛ بارەکەی لە بەندەری (رەئس لافان)ـی قەتەرەوە وەرگرتووە و بەرەو بەندەری (قاسم) لە پاکستان بەڕێوەیە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (کیپلەر) کە چاودێریی کەشتییە بارهەڵگرەکان دەکات، کەشتییەکە شەوی چوارشەممە جووڵەی کردووە؛ ئەمەش رێک هاوکات بووە لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کە تێیدا تاران پابەند بووە بە کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، تەنیا 15 کەشتیی گازی سرووشتی توانیویانە لە تەنگەی هورمزەوە بچنە دەرەوە، کە زۆربەیان باری قەتەر یان ئیماراتیان گواستووەتەوە.
داتاکانی (مارین ترافیک) ئاماژە بەوە دەکەن، لە رۆژی پێنجشەممەوە جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز خێراتر بووە و ژمارەیەکی زۆر کەشتی لە هەردوو ئاراستەکەوە دەستیان بە تێپەڕین کردووە. تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، تێپەڕینی 6 کەشتیی گەورەی بارهەڵگر پشتڕاستکراوەتەوە، کە ئەمەش یەکسانە بە تێکڕای رۆژانەی تێپەڕین لە هەفتەی رابردوودا.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.
