رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیمارات بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ هەموو ئەو منداڵانە قەدەخە کرد کە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییەوەیە؛ بەمەش دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات بڕیارنامەیەکی دەرکرد و تێیدا هاتووە، پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا پابەند دەکرێن بە چاودێریکردن و داخستنی ئەو ئەکاونتانەی لەلایەن منداڵانی خوار 15 ساڵەوە دروستکراون، ئەگەر نا رووبەڕووی سزای تووند و تەنانەت بلۆککردن دەبنەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات بڵاویکردەوە: "بڕیارەکە کەمترین تەمەنی بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بە 15 ساڵ دیاریکردووە. منداڵانی خوار ئەو تەمەنە بۆیان نییە ئەکاونتی تایبەت دروست بکەن یان بەکاریبهێنن."
بەگوێرەی بڕیارەکە، 12 مانگ مۆڵەت دەدرێتە کۆمپانیاکانی خاوەن پلاتفۆرمەکان بۆ ئەوەی سیستمەکانیان لەگەڵ یاسا نوێیەکە بگونجێنن. ئەو مێرمنداڵانەشی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 16 ساڵدایە، رێگەیان پێدەدرێت سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن، بەڵام بە "رێکاری پاراستنی تووندتر" وەک دیاریکردنی کاتی بەکارهێنان و سنووردارکردنی ناوەڕۆک.
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە دایک و باوکان بەرپرسیارن لەوەی رێگری لە منداڵەکانیان بکەن لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، هەروەها جەختکراوەتەوە کە "رەزامەندیی دایک و باوک نابێتە پاساو بۆ بەخشینی منداڵ لەم بڕیارە."
دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیمارات دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە سزای ئەو پلاتفۆرمانە بدەن کە پابەند نابن؛ سزاکانیش بریتین لە: ئاگادارکردنەوە، سزای دارایی و بلۆککردنی کاتی یان هەمیشەیی پلاتفۆرمەکە لە وڵاتدا.
هۆکاری قەدەخەکە چییە؟
ئەم هەنگاوەی ئیمارات لە چوارچێوەی شەپۆلێکی جیهانیدایە کە لە ئوسترالیاوە دەستیپێکرد و دواتر بەریتانیا، کەنەدا، مالیزیا و تورکیاش هەنگاوی هاوشێوەیان نا.
پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشت ئەم یاسایە خۆیان لە پاراستنی سەلامەتیی دەروونیی منداڵان و بنبڕکردنی هەراسانکاریی ئەلیکترۆنی دەبیننەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە بەر بە تەمبەڵی و کەمجووڵەیی منداڵان بگرێت و لە داوی ئەو کەسانە بییانپارێزێت کە بۆ مەرامی نادروست لە جیهانی دیجیتاڵیدا پەیوەندییان پێوە دەکەن.
ئیمارات پێشتریش یاسای تووندی بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت هەبووە، بەتایبەت لە کاتی جەنگی ئێران کە تێیدا چەندین کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی هێرشەکان دەستگیرکران.
