رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک هێرشی نوێیان بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کردووە.
پەرەسەندنە سەربازییەکان لە کاتێکدایە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆ کراوە، بەڵام تەلئەڤیڤ رژدە لەسەر وێرانکردنی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە.
رۆژی هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کە لە ماوەی شەوی رابردوودا چەندین بنکەی حیزبوڵڵایان لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل دەڵێت، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی حیزبوڵڵا" بۆ سەر ئاگربەست. سوپا دەشڵێت هێزەکانیان رژدن لەسەر تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە تاوەکو مەترسییەکانی سەر سنوورەکانیان نەمێنێت.
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئەندامانییان بە مووشەک سێ تانکی جۆری (مێرکاڤا) یان تێکشکاندووە. هەروەها دەڵێن، هێزە پیادە و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل هەوڵیان داوە بەرەو لای باکووری گردەکانی (عەلی تاهیر) پێشڕەویی بکەن، کە شوێنێکی ستراتیژییە و دەڕوانێتە سەر شاری نەبەتیە. پێکدادانەکان تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام بوون و رێگەیان نەداوە هێزەکانی ئیسرائیل جێگیر ببن.
هەروەها، میدیاکانی لوبنان باس لەوە دەکەن کە 16 کەس بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، بڕیاربوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە ململانێکان لە هەموو بەرەکانی جەنگ بە لوبنانیشەوە بهێنێت، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە گومانەوە لێی دەڕوانن و رایانگەیاندووە تەلئەڤیڤ لایەن نییە تێیدا . ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی کاردانەوەی تاران و بەیرووت دەکەن بۆ ئەم پێشێلکارییە نوێیانە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئازاری 2026 دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا وەک پشتیوانییەک بۆ تاران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئێستا جەنگەکە چووەتە قۆناخێکی هەستیار، چونکە لە لایەک دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی دیپلۆماسییەوە رێڕۆی جەنگەکە بەرەو ئاشتیی ببات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بنیامین نەتەنیاهوو رژدە لەسەر بێچەککردنی تەواوەتیی حیزبوڵڵا.
.jpg&w=3840&q=75)