رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، شەوی رابردوو، لە دوو هێرشی جیای حیزبوڵڵادا، 4 سەربازیان کوژراون و 5ی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای هێزە زرێپۆشەکانی و سێ سەربازی دیکە، شانبەشانی برینداربوونی پێنج سەربازی هێزە تایبەتەکانی لە ئەنجامی دوو هێرشی جیاوازی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەفسەرە کوژراوەکە ناوی موقەدەم (دۆر گەدالیا بن سیمخۆن - 32 ساڵ)ە، کە فەرماندەی فەوجی 52ی سەر بە لیوای 401ی زرێپۆش بووە و خەڵکی ناوچەی (بێت هاشیتە)یە. چاوەڕوان دەکرێت ناوی سێ سەربازەکەی دیکەش بڵاوبکرێتەوە.
رووداوەکە کەمێک دوای نیوەشەو کاتێک روویداوە کە تانکی فەرماندەی فەوجەکە لە گوندی (کفر تەببیت) لە باشووری لوبنان، بەر هێرشێکی گوماناوی بە درۆن یان مووشەکی دژە تانک کەوتووە. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن کە بووە هۆی کوژرانی هەر چوار سەرنشینی ناو تانکەکە. جێگەی ئاماژەیە بن سیمخۆن لە مانگی نیسانی رابردوودا شوێنی فەرماندەی پێشووی فەوجەکەی گرتبووەوە کە ئەویش لە باشووری لوبنان بە سەختی بریندار ببوو.
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی سەر تانکەکە، حیزبوڵڵا هێرشێکی دیکەی لە هەمان گوند (کفر تەببیت) ئەنجامدا. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە درۆنێکی تهقینهوهی حیزبوڵڵا کێشاوێتی بە هێزەکانی (لیوای کۆماندۆ)دا و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە پزیشکی و سەربازییەکان، ئەفسەرێکی یەدەگ بە سەختی بریندار بووە، سێ سەربازی یەدەگ برینیان مامناوەندە، و ئەفسەرێکی بێ پلەش بە سووکی بریندار بووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و خێزانەکانیان ئاگادار کراونەتەوە.
بن گڤیر: دەبێ تەواوی لوبنان بسووتێ
دوای راگەیاندنی کوژرانی چوار سەربازەکە، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی توندڕۆی ئیسرائیل، کاردانەوەی تووندی نیشاندا و رایگەیاند: "دەبێت تەواوی لوبنان بسووتێنرێت."
بن گڤیر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەوپەڕی رێزەوە بۆ ئەمریکییەکان، دەبێت ئیسرائیل ئەوە بۆ تەواوی جیهان روون بکاتەوە کە خوێنی کوڕەکانمان و ئاسایشی هاووڵاتیانمان شایستەی سازشکردن نین. دەبێت تەواوی لوبنان بسووتێنرێت."
ئەم پێشهاتە مەیدانی و لێدوانە تووندانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لووتکە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە. تەنیا چەند رۆژێکە ئەمریکا رێککەوتنی لەگەڵ ئێران راگەیاندووە و ئەم گرژییانە کاریگەرییان لەسەر مانەوەی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت.
