رووداو دیجیتاڵ
وێڕای دەنگۆی ئاگربەست، ئیسرائیل ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی کردەوە سەر باشووری لوبنان.
میدیای فەرمیی لوبنان باس لەوە دەکات، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لانیکەم 12 ناوچەی باشووری وڵاتەکە، بەر بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل کەوتوون، لە ئەنجامدا لانیکەم 5 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ئیسرائیل بە تۆپهاوێژەکانیش شاری نەبەتییە و دەوروبەری تۆپباران کرد.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانە 3 کەس لە شارۆچکەی عەرەب سەلیم و کەسێک لە دێر زەهرانی کوژران. کەسێکی دیکەش کوژرا، کاتێک درۆنێکی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ماتۆڕسکیلێک لە دەروازەی شارۆچکەی دوێڕ.
دوێنێ هەینی بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر، لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران رێککەوتوون لەسەر راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا. باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکاش گوتی، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە مەرجێک حیزبوڵڵاش پێوەی پابەند بێت.
بەڵام راگەیاندنی ئەم جۆرە ئاگربەستانە پێشتریش نەیانتوانیوە هێرشەکانی هەردوولا رابگرن.
تەنیا رۆژی هەینی، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان 47 کەس کوژران؛ هەروەها ئیسرائیلیش رایگەیاند کە 4 سەربازی کوژراون و بانگەشەی ئەوەی کرد کە زیاتر لە 150 هێرشی کردووە و "دەیان چەکداری حیزبوڵڵای" کوشتووە.
کێشە سەرەکییەکە چییە؟
بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەفتەی رابردوو لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا، دەبوو شەڕی لوبنانیش رابگیرێ.
بۆ جیاکردنەوەی کێشەی لوبنان لە شەڕی گەورەی ناوچەکە، لە مانگی نیسانەوە لەژێر گوشاری ئەمریکادا لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەستیان بە دانوستاندنی راستەوخۆ کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەش خولی پێنجەمی گفتوگۆکان دەستپێبکات.
دوێنێ هەینی، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان بە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاند، پێش بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئیسرائیل، پێویستیان بە ئاگربەستێکی گشتگیرە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا، تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش، بێزاریی خۆیان لەم شەڕەی ئیسرائیل لە لوبنان دەربڕیوە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی دووپاتیکردەوە کە هێزەکانیان "تا ئەو کاتەی پێویست بکات" لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.
ئەم شەڕەی ئێستا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی زەمینی وەڵامی دایەوە.
