رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو سەرەتای مانگی حەوت پەرلەمان کۆنابێتەوە بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی. دەشڵێت، ناکۆکی لەسەر بەشێکی پۆستە وەزارییەکان هەیە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدریش دەڵێت، "گوشار و هەوڵ" هەیە پێش سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، کابینەکەی تەواو بکرێ.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە پشووی یاسادانانە و تاوەکو سەرەتای مانگی 7 کۆنابێتەوە بۆ دەنگدان بە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پێیوایە، هێشتا لەنێو ماڵی سوننە و شیعە کێشە و گرفت لەسەر بەشێک لە پۆستە وەزارییەکان و بەربژێرەکان هەیە، لەوانە لەنێو سوننەکان لەبارەی بەربژێری وەزیری بەرگریی عێراق.
رۆژی 14ی ئایاری 2026، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوە چوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14بەربژێر دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا و 5 بەربژێریش رەتکرانەوە و ئەوانی دیکەش نەخرانە دەنگدانەوە.
دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، لە کابینەی نوێی حکومەتدا وەزارەتەکانی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەردەکەوێت، بەڵام لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا هەردوو بەربژێرەکەی رەتکرانەوە. هەروەها بەربژێری پارتی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و هەردوو بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی عەزم بۆ وەزارەتەکانی پلاندانان و رۆشنبیری رەتکرانەوە.
نۆ وەزارەت ماوە دەنگیان لەسەر بدرێت. ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا پەرلەمانی عێراق لە پشووی یاساداناندایە و کۆنابێتەدوە، مەگەر لایەنەکان رێکبکەون، ئەوکات دانیشتنی تایبەت رێکبخرێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا رێککەوتن نییە و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیش ناکۆکن لەبارەی پۆستە وەزارییەکانەوە، ئەوەش پرۆسەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی دواخستووە.
بە گوتەی ئەبو میساق مەساری، "بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات، بۆیە گوشار و هەوڵ هەیە پێش سەردانەکە کابینە وەزارییەکە تەواو بکرێت".
لەبارەی پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رۆژی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق بەوپەڕی بەرپرسیاریێتییەوە دەڕوانێتە تەواوکردنی ئەم کابینەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی کارنامەکەی و ئەو بەرنامەیەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، جێبەجێ بکات."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، تەواوکردنی کابینەکە پێویستی بە سازانی لایەنەکان هەیە و گوتی، "بەشێکی ئەم کابینەیە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بۆ ئەوەی بابەتەکە کۆتایی پێبهێنرێت."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن رایگەیاند، سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا لە نیوەی دووەمی مانگی تەممووزدا دەبێت و گوتی، "دۆسیەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکرێن، سەرەتای دۆسییەکانیش بە پرسی ئابووری دەستپێدەکات، چونکە تێڕوانینی ئێستای حکومەتی عێراق ئەوەیە کە ئابووری بزوێنەری دەوڵەتە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە بۆ دیاریکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە بواری ئابوورییەوە دەستپێدەکەین."
