رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری کۆچکردووی رووداو لە دادگەی دیوانییە گوتەیان لێوەرگیرا. دادوەری لێکۆڵینەوەش رایگەیاند، شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی کە بووە هۆی رووداوەکە 100% خەتابارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، کەسوکار و خێزانی هەڵکەوت عەزیز بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان سەردانی پارێزگای دیوانییەیان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، لە کاتی چوونی بۆ ئەرکێکی میدیایی بەرەو بەسرە، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ لە سنووری دیوانییە گیانی سپارد.
شکۆ عومەر، ئاوەڵزاوای هەڵکەوت عەزیز بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە بنکەی پۆلیس و دواتر لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، گوتەی چوار کەس وەک سکاڵاکار و شایەدحاڵ وەرگیرا، کە پێکهاتبوون لە (عەزیز محەممەد، باوکی هەڵکەوت؛ ئامین حەمەڕەش، دایکی؛ گەردوون محەممەد، خێزانی و خەتاب عەجمی، کە وێنەگری هەڵکەوت بوو و لە کاتی رووداوەکەش شوفێریی دەکرد."
کەسوکاری هەڵکەوت عەزیز بە دادوەریان راگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک لە مافی خۆیان خۆشنابن و سوورن لەسەر سکاڵا یاساییەکەیان.
دادوەری لێکۆڵینەوە دوای بیستنی گوتەی خەتاب (وێنەگرەکە)، پێی راگەیاندووە، "ئەگەر 95% هەڵەی شۆفێری بارهەڵگرەکە بووایە و تۆ 5% هەڵەت هەبووایە، ئەو کات تۆش دەستبەسەر دەکرای، بەڵام 0% لەسەر تۆیە، 100% هەڵەکە لەسەر شۆفێری بارهەڵگرەکەیە."
شکۆ عومەر گوتیشی، "شۆفێری بارهەڵگرەکە بە دوو جۆر قسەی کردووە؛ لەکاتی وەرگرتنی گوتەی لە بنکەی پۆلیس گوتوویەتی بەهۆی لەکارکەوتنی برێکی ئۆتۆمبێلەکە وای لێهاتووە، لە لێکۆڵینەوەی هاتووچۆش گوتوویەتی خەواڵوو بووم و خەوم لێکەوتووە."
ئێستا شۆفێری بارهەڵگرەکە، لە بنکەی پۆلیسی دەغارە لە پارێزگای دیوانییە دەستبەسەرە، تاوەکو کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026 بۆ کارێکی میدیایی لەگەڵ تیمێکی رووداو لە بەغداوە بەرەو بەسرە بەڕێکەوت، لە رێگەی خێرادا لە سنووری پارێزگای دیوانیە بارهەڵگرێک لە رێڕۆی خۆی لایدا و رێگەکەی لێ داخستن، بەهۆیەوە هەڵکەوت عەزیز بە سەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەنی فێرکاری دیوانیە لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیانی سپارد.
عەقید موهەند فەوزی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە، بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی راپۆرت و هێڵکاری بەرایی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دیوانییە، رووداوەکە لە نزیک چێشخانەی سوڵتان لەسەر رێگەی خێرا روویداوە، جۆری بارهەڵگرەکە ترێلەی مێرسیدس ئەکترۆسە بە ژمارە 22J 58443."
عەقید موهەند فەوزی، گوتی شوفێرەکە، کە ناوی محەممەد عەبد خزیر عێدان-ە، خەڵکی پارێزگای حللەیە لەدایکبووی ساڵی 1999ە، لە هێڵکارییەکەدا دەرکەوتووە بەهۆی ماندوێتی و بێهێزی و خەواڵوویی لای داوە و 100% کەمتەرخەم بووە"
هێڵکارییەکەی هاتووچۆ کاژێر 14:00 لە رۆژی 8ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن عەمید سەعد تاڵب، لێپرسراوی کەرتی رێگەی خێرا کراوە.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شوفێری بارهەڵگرەکە کەمتەرخەم بووە، سەرەتا چووەتە سەر خۆڵ و دواتر رێچکەی رێگەکەی لەدەستداوە و بەتەواوی رێگەکەی داخستوە خۆی بە بەربەستی رێگەکە داداوە و هەردوو ئۆتۆمبێڵەکە پێکیان داداوە".
بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، روونە "هێڵکاریی هاتووچۆی بۆ کراوە، کەمتەرخەمییەکە دەکەوێتە ئەستۆی شۆفێری بارهەڵگرەکە کە بە ئۆتۆمبێلەکەی رێگە سەرەکییەکەی گرتووە، لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرە، بەگوێرەی یاسا، بەهۆی ئەوەی مردن هەبووە، شوفێرەکەی سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەڵەی تەکنیکی لە ئۆتۆمبێلەکەی هەبێ یان شوفێرەکەی نووستبێ یان شەکەت و ماندوو بێت، ئەمە دەبێت دادگەی عێراقی ئاشکرای بکات و بڕیار لەبارەوە بدات، هێڵکاریی هاتووچۆ دراوەتەوە دادگە".
ئەنجامی هێڵکاریی پۆلیسی هاتووچۆ بۆ رووداوەکەی هەڵکەوت عەزیز
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە
ژمارەی رووداو: 1
جۆری رووداو: پێکدادان
پارێزگا: دیوانیە، کەرتی هاتووچۆی رێگەی خێرا، نزیک چێشتخانەی سوڵتان
گیانلەدەستدان: نییە (لە شوێنی رووداوەکە)
بریندار: 1
هۆکارەکانی رووداو: لادانی ئۆتۆمبێلی ژمارە 22J 58443 لە جۆری ترێلەی مێرسیدس ئەکترۆس، بارهەڵگر، بەهۆی شەکەتی، ماندوێتی و خەواڵوویی شوفێرەکەی (محەممەد عەبدولخزر عێدان) 100٪ بە کەمتەرخەم دادەنرێت.
زیانگەیاندن بە سامانی گشتی: نییە
رێکەوت: 8-6-2026
کات: 14:00
هێڵکاریکار: عەمید سەعد عەبد تاڵب، لێپرسراوی کەرتی رێگەی خێرا
