رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، شاندی سەربازی و ئەمنیی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون بۆ داڕشتنی نەخشەڕێیەکی بەهێز بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت و سنووردانان بۆ هێرشکردنە سەریان، تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی دەستپێبکاتەوە.
یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپا سالارى عێراق سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا رێککەوتن نەخشەڕێیەکی بەهێز دابنرێت بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت و سنووردانان بۆ هێرشکردنە سەریان.
بە گوتەی سەباح نوعمان، رێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە کە دۆخێک بڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی، بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئابووری و پاڵپشتیی ئاوەدانکردنەوە.
بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرت؛ ئەو هێرشانە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەردانی ئەو شاندەی عێراق بۆ هاوئاهەنگی بوو لە پێناو پاراستنی کێڵگەکانی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو وزەیە لە هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە لە کاری هاوبەشی نێوان سوپا و پێشمەرگە بەردەوام بن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و بنبڕکردنى تیرۆر.
.jpg&w=3840&q=75)