رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، دانوستاندن و دیداریان لەبارەى رەشنووسى رێککەوتنى نوێى هەناردەى نەوت لەگەڵ تورکیا بەردەوامە، کە بڕیارە لە مانگى تەممووزى ئەم ساڵ کۆتایی بێت.
سەلیم روکابی، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: حکومەتى عێراق و وەزارەتەکەی بە "گرنگییەکی زۆر"ەوە لە نوێکردنەوەى رێککەوتنى هەناردەى نەوت لە رێگەى تورکیاوە دەڕوانن و دانوستاندن و دیدار لەو بارەیەوە هەیە.
ئەو رێککەوتنە لە ساڵى 1973 لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کراوە بۆ هەناردەکردنى نەوت لە رێگەى بۆرىی کەرکووک – جەیهان کە ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتى لە رێگەیەوە هەناردە دەکرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، رەشنووسێکى نوێ هەیە بۆ نوێکردنەوەى رێککەوتنى نێوانیان و دانوستاندن لەبارەى ئەو رەشنووسەوە دەکرێت.
رێککەوتنەکە نزیکەى نیو سەدە پێش ئێستا واژۆ کراوە، رێگە بە عێراق دەدات کە لە رێگەى دوو بۆرییەوە نەوت هەناردەى بەندەرى جەیهان بکات.
لە 20ى تەمووزى 2025ـەوە تورکیا بڕیاری دا، کە رێککەوتنەکە نوێ نەکرێتەوە، دواتر رەشنووسى رێککەوتنێکى نوێ خرایە بەردەم حکومەتى عێراق بۆ ئەوەى دانوستاندنى لەبارەوە بکرێت.
