رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی باقری، جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پرسی سەقامگیریی ناوچەکە و هاوئاهەنگیی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە 26ی ئایاری 2026 بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، لەگەڵ عەلی باقری کۆبووەوە. دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رێگەکانی پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ لە رێگە دیپلۆماسییەکانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، تەوەری سەرەکی بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەعرەجی دووپاتی لە هەڵوێستی فەرمیی عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە "دەستووری عێراق رێگە نادات خاکی وڵاتەکەمان وەک پەناگەیەک یان بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستییەکی زۆر بە دروستکردنی "ئەنجوومەنێکی هاوئاهەنگیی ئەمنی" لەنێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری.
عەلی باقری ستایشی رۆڵی ئەرێنیی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە تاران پێشوازی لە ئەعرەجی بکات.
هەر لەو دیدارەدا، باقری پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی لە ئەعرەجی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکانیاندا، دووپاتیشی لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلانی دراوسێ کردەوە.
