رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، گرووپی چەکداریی سەرایا سەلامی لە رەوتەکەی دابڕی، بۆئەوەی بە تەواوی ببنە بەشێک لە دەوڵەت. داوای لە پێکهاتەکانی دیکەی حەشدی شەعبییش کرد، خۆیان لە بڕیاری حیزبی و تائیفی بپچڕێنن.
چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 موقتەدا سەدر لە نووسراوێکدا لە تۆڕی ئێکس ئەو بڕیارەی بڵاو کردووەتەوە.
موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و بۆ خۆدوورگرتن لە زیانگەیاندن بە وڵات، بڕیاری دا کە سەرایا سەلام بە تەواوی لە رەوتی نیشتمانیی شیعە داببڕێت و بە تەواوی بیبەستێتەوە بە دەوڵەت و بەرپرسی گشتی لە پێکهاتە سەربازییەکان.
سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، کە بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە، کە مەزارگەی هەندێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێیە.
موقتەدا سەدر رایگەیاند، دامەزراوە مەدەنییەکانی سەر بە سەرایا سەلام دەبەستێتەوە بە دامەزراوەی بونیان مەرسووس، کە سەر بە رەوتی نیشتمانییە، نابێت بارەگا، چەک و جلوبەرگ و هیچ نیشانەیەکی دیکەیان هەبێت.
لە دوای ساڵی 2014 گرووپی سەرایا سەلام بەشێک بوون لەو هێزانەی کە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان کرد.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە سوپاسی سەرایا سەلامی کردووە و هیوای خواستووە، سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەى حەشدی شەعبی خۆیان لە فەرمانی حیزبی و تائیفی داببڕێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت دەکەن.
ئەو هەنگاوەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان نەک دانانیان، ئەوەش لە رێگەی بەشداریپێکردنیان لە نێو دەستەی حەشدی شەعبی.
