رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڵبژاردەی جەزائیر سەرکەوتنێکی گەورەی بەئەنجامی 4-0 بەسەر بۆلیڤیادا بەدەستهێنا، لە دوایین یاریی دۆستانەی جەنگاوەرانی بیابان پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026. ئەمەش هۆشدارییەکی تووندە بۆ لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی، بەو پێیەی یەکەم یارییان لە مۆندیالدا بەرامبەر جەزائیر دەبێت.
مۆندیال کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت ئەمڕۆ دەستپێدەکات و جەزائیر لە کۆمەڵەی 10 دایە لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئوردن، ئەرجەنتین و نەمسا.
هەڵبژاردەی جەزائیر دەستپێکی کاروانی مۆندیالی بە رووبەڕووبوونەوەی هاوڕێکانی لیۆنێل مێسی دەبێت بەرەبەیانی چوارشەممەی داهاتوو، دواتر رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە، پێش ئەوەی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان بە دیداری نەمسا کۆتایی پێ بهێنێت.
هەڵبژاردەی جەزائیر لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکەدا باڵادەست بوو، بەمەش ڤلادیمێر پێتکۆڤیچی راهێنەر لە ئامادەیی یاریزانەکانی دڵنیابووەوە پێش دەستپێکردنی بۆنە جیهانییە گەورەکە.
گۆڵی یەکەم لە خولەکی 45ـی گێمی یەکەمدا لەلایەن عیسا ماندی تۆمارکرا، لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دووەم پێتکۆڤیچ تەواوی تیپەکەی گۆڕی و 11 یاریزانی نوێی بەشداری پێکرد.
جەزائیر لە گێمی دووەمدا بەشێوەیەکی دیار باڵادەست بوو و تەنیا لە 5 خولەکدا 3 گۆڵی تۆمارکرد.
ئەمین گوێری دوو گۆڵی بۆ جەنگاوەرانی بیابان لە خولەکەکانی 57 و 59 تۆمارکرد، پێش ئەوەی ئەنیس حاج موسا بە گۆڵی چوارەم لە خولەکی 61 کۆتایی بە گۆڵەکان بهێنێت.
جێی ئاماژەیە هەڵبژاردەی جەزائیر لە یاریی دۆستانەی پێشووشیدا بەرامبەر هۆڵەندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کە حاج موسا تۆماری کردبوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەمەش بەورەیەکی بەرزەوە دەچێتە ناو مۆندیال و پیویستە مێسی و هاوڕێکانی زۆر وریابن.
