لە هەولێر پێشبڕکێی ( تاقیکردنەوە دەربارەی کۆریا) بەڕێوەچوو کە تێیدا نزیکەی 50 کەس کێبڕکێیان لەسەر زمان و کولتووری کۆریای باشوور کرد، براوەی یەکەمیش گەشتێکی بەخۆڕایی بۆ ئەو وڵاتە بەدەست دەهێنێت. رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، کاژێر 13:00 پێشبڕکێیەکە لە هۆتێڵ شیراتۆن دەستی پێکرد و زیاتر لە دوو کاژێری خایاند، پرسیارەکانی لەسەر زمان و کولتووری کۆریای باشوور بوون. ئەو پێشبڕکێیە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوورەوە لە سەرانسەری جیهان دا بە مەبەستی ناساندنی کولتوور، دابونەریت و مێژووی ئەو وڵاتە بە بیانییەکان رێک دەخرێت. پرسیارەکانی پێشبڕکێیەکە بابەتگەلێکی هەمەجۆر لەخۆ دەگرن، لەوانە؛ مێژوو، جوگرافیا، زمان، خواردن، جلوبەرگی رەسەن، میوزیک، فیلم و زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکانی کۆریای باشوور. بەپێی یاسای پێشبڕکێیەکە، براوەی هەر وڵاتێک بە تێچووی حکومەتی کۆریای باشوور گەشت بۆ سیئۆلی پایتەخت دەکات و لەوێ لە قۆناخی کۆتایی دا لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دا بەشداری دەکات.