رووداو دیجیتاڵ
تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرایەوە. بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر، جلوبەرگەکەی هاوشێوەی جلوبەرگی ئەو منداڵەیە کە دوو هەفتە لەمەوپێش لەو ناوچەیە بێسەروشوێن بوو.
نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەرمی منداڵێک لەگوندی ئێندزە لە بناری قەندیل دۆزراوەتەوە و تیمی بەڵگەوتاوان چوونەتە سەر تەرمەکە."
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان جلوبەرگی ئەو منداڵە لە جلوبەرگی (یاد سەرباز) دەچێت کە 28ی مانگی رابردوو لەو ناوچەیە بێسەروشوێن بوو.
سەرچاوەیەکیش لە تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان بەڕێکەوتوون بۆ شوێنی تەرمەکە و دەیهێننەوە دادپزیشکی بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری بۆی و ئاشکراکردنی ناسنامەکەی."
بە گوتەی چەند هاونیشتمانییەک کە لە گوندی (ئێندزە)وە پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد، ئەگەری زۆرە ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە (یاد سەرباز) بێت.
چەند هاونیشتیمانیەکی گوندەکەش کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێ بە رووداویان گوت: "تەرمی منداڵەکە لەلایەن هاونیشتیمانییەکەوە دۆزراوەتەوە و ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە زۆر دوورە لە ئاوەدانی."
یاد سەرباز، تەمەنی چوار ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێرە. یاد لەگەڵ دایکی، نەنکی و خاڵی بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی 22ی مانگی رابردووەوە چارەنووسی نادیارە.