رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و نرخی لیترێک گەیشتووەتە نزیکەی 1200 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێ، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری حکومی بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە و پێشبینی دەکەن لەمڕۆوە نرخ بەرەو دابەزین بچێت.
ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئایار، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر هەزار و 195 دینارە و لە سلێمانی جێگیرە و هەزار دینارە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری حکومی دەفرۆشن لە 14 بەنزینخانەوە زیادکراون بۆ 26 بەنزینخانە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ژمارەی بەنزینخانەی بەنزینی 750 دیناری زیادکراون و بەنزین لە بازاڕدا زۆر بووە، نرخیش لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕووە، بۆیە پێشبینی دەکەم نرخەکە روو لە دابەزین بکات".
جەنگی مەجید گوتی: "ئەو بەنزینەی هەیە لە بەنزینخانەکان بە گران کڕدراوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لەمڕۆوە بە پلەبەندی نرخ دابەزێ و دواتر بەنزینخانەکانیش لەگەڵ کڕینی بەنزیندا نرخ دادەبەزێنن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، گازی (LPG)ـی نرخی زیاتر دابەزیوە و لیتری 630 دینارە و بەشێکی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لەبری بەنزین ئەو گازە بەکاردەهێنن و ئەویش هۆکار دەبێ بۆ زۆربوونی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی.
6ـی ئەم مانگە نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەوە و لیتری گەیشتە هەزار و 750 دینار، لەکاتێکدا رۆژێک پێش ئەو رێککەوتە لیترێک بەنزین لەنێوان 850 بۆ 890 دینار بوو.
دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەولێر، لە 7ـی ئەم مانگەوە نرخەکە لە سلێمانیش بەرزبووەوە لیتری بۆ هەزار دینار و تاوەکو ئەمڕۆ ئەو نرخە جێگیرە.
سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای هەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانییە و نرخیان هاوشێوەیە. هەروەها سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای دهۆک زۆرینە لە پارێزگای هەولێرە و نرخیان لەیەکەوە نزیکە.
