رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی جێبەجێکردنی رێکاری تووند و کامێرای تیژڕۆییەوە، رێژەی گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ 60% کەمی کردووە، مۆڵەتی لێخوڕینی بارهەڵگریش بەپێی ستانداردە جیهانییەکان قورستر کراوە و "بە ئاسانی نادرێت."
موقەدەم هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رۆژی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی هاتووچۆ داوە بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان.
بە گوتەی موقەدەم هێمن ئەمین، دانانی کامێرای تیژڕۆیی و کامێراکانی "خاڵ بۆ خاڵ" رۆڵی گەورەیان هەبووە، تێیدا خێرایی بارهەڵگرەکان بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دیاریکراوە.
سەبارەت بە جووڵەی بارهەڵگرەکان، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر روونیکردەوە، لە وەرزی بەهار و رۆژانی پشوو و هەینی، هاتووچۆی بارهەڵگر لە کاژێر 07:00ی بەیانی تاوەکو 01:00ی شەو قەدەخەیە، هەروەها لە رۆژانی ئاساییشدا لە ناوچە گەشتیارییەکان لە کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ی شەو رێگەیان پێنادرێت، لە شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەترییش، تەنیا رێڕەوی لای راست بۆ بارهەڵگرەکانە و هەر سەرپێچییەک لە رێگەی کامێراکانەوە تۆمار دەکرێت، ئەگەر بچێتە رێڕەوی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە.
رێکارە نوێیەکانی مۆڵەتی لێخوڕینی بارهەڵگر
موقەدەم هێمن ئاماژەی بە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی بارهەڵگر کرد و رایگەیاند، "بەپێی ستانداردە جیهانییەکان قورستر کراوە، ئاوا بە ئاسانی نادرێت بە هیچ کەسێک."
دەشڵێت، "داواکار دەبێت پێشتر مۆڵەتی جۆرێکی ئۆتۆمبێلی هەبێت و ساڵێک بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیبێ، دواتر دەبێت 20 کاژێر وانەی تیۆری و پراکتیکی، 15 کاژێر وانەی پراکتیکی بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، لەژێر چاودێریی مامۆستای ئەکادیمی وەربگرێت، لە قۆناخی کۆتاییشدا تاقیکردنەوەی (تەرایی) لە گۆڕەپانێکی چاودێریکراو بە 8 کامێرا بۆ دەکرێت؛ ئەفسەرێکیش لەگەڵ شۆفێرەکە دەبێت و تاقیکردنەوەکەش بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەبێت."
کەرکووک؛ گرفت لە رێگە دەرەکییەکاندا هەیە
بارهەڵگرەکان، بەتایبەتی لە رێگەکانی دەرەوەی شارەکان، هۆکاری بەشێکی رووداوەکانی هاتووچۆ و تێکچوونی رێگەکانن.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک ئاماژەی بە بەشێک لە هۆکارەکانی رووداوەکان لە رێگەکانی دەرەوە کرد و بە رووداوی گوت، "زۆربەی رووداوەکان لە رێگە دەرەکییەکانی پارێزگاکە بەهۆی نەبوونی پێچکردنەوەی سیستماتیك و رێکوپێکە. پێویستە شەقامەکان بە سیاجی ئەمنی بگیرێن، بۆئەوەی رێگری لە پێچکردنەوەی هەڕەمەکی بکرێت."
هەروەها گوتیشی، "نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و کامێرای تیژڕۆیی، لەگەڵ نەبوونی مەرجی تووندوتۆڵی لە بارهەڵگرەکاندا، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانن."
ئامارەکانی عێراق
فەریق عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 45 هەزار سەرپێچی تۆمار کراون. 850 رووداو لەلایەن شۆفێرانی نەخوێندەوار و 652 رووداویش لەلایەن شۆفێرانی خاوەن بڕوانامەی ناوەندییەوە روویانداوە. تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵیش وەک "سەرکێشترین" تەمەن لە شۆفێریدا دیاریکراوە.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق 7 ملیۆنی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا درێژیی شەقامەکان تەنیا 59 هەزار کیلۆمەترە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان 200% تاوەکو 300% زیاترە لە توانای شەقامەکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو لە عێراق حەوت هەزار و 103 رووداوی پێکدادان و سێ هەزار و 811 رووداوی شێلان تۆمار کراون، کە بەهۆیانەوە دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێگەی بەغدا - بەسرە لە رێگەی کامێرای زیرەکەوە.
