رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی یەک هەفتەدا لانیکەم چوار کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون، تەرمی سیانیان نەدۆزراوەتەوە، یەکێکیان لە هەڵەبجە شەش رۆژە بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، دووانەکەی دیکەش لە هەولێر و کۆیەن دوو رۆژە بۆ تەرمەکانیان دەگەڕێن.
9ی حوزەیران، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە چووبوونە سەیرانگەی زەڵم لە دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، کەوتە ئاوەوە تاوەکو ئەمڕۆ چارەنووسی نازاندرێت.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەش رۆژە بەردەوامین لە گەڕان، لەو شوێنەی کەوتووەتە ئاوەوە تاوەکو قەزای خورماڵ رۆشتووین و هیچ تەرمێکمان نەدۆزیوەتەوە".
گوتەبێژی هاتووچۆی هەڵەبجە گوتیشی: "گەڕانەکانمان بە چڕی بەردەوامە، ئەمڕۆش لە بەیانییەوە دەستمان کردووە بە گەڕان".
11 حوزەیران هاونیشتمانییەک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین خکا و رۆژی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. هەروەها دوێنێ 13 حوزەیران کەسێک لە کۆیە و کەسێکی دیکەش لە بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر لە ئاودا خنکان و تائێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمەکانمان بەردەوامن لەگەڕان بۆ تەرمی ئەو کەسەی خنکاوە، بەڵام تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەدۆزراوەتەوە".
گۆران ئەحمەد، بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی دوێنێ لە سەیرانگەی بۆگد کەسێک خنکا، تاوەکو ئەمڕۆ ناسنامەکەیمان بۆ ئاشکرا نەبووە".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە گوتیشی، لە دوێنیوە بۆ تەرمی ئەو کەسە دەگەڕێن و تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ هیچ ئەنجامێکیان دەستنەکەوتووە.
