رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دابەشکردنی خۆراک رایدەگەیێنن، فەرمانی دابەشکردنی چوارەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵیان پێگەیشتووە و رێکارەکانی دابەشکردن دەستپێدەکەن.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراک دەستپێدەکەین، چونکە فەرمانی دابەشکردن لە بەغداوە هاتووە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "داواکارین 21ـی ئەم مانگە بریکارەکانی خۆراک پارە رادەستبکەن، بۆ ئەوەی دابەشکردنی خۆراک دوانەکەوێ و خەڵک بتوانێ لەکاتی خۆیدا بەشەخۆراکەکەی وەربگرێ".
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێ.
دلێر عەبدولواحید گوتی: "زۆربەی خۆراک گەیشتووە، رۆژانەش خۆراک دێت و تاوەکو دابەشکردن هەموو مادەکان بەردەست دەبن".
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی دوێنێ فەرمانی دابەشکردنی چوارەم بەشەخۆراکمان بۆ هات، لە برنج، شەکر و رۆنی شل کورتهێنانمان هەیە، بەڵام رۆژانە دێت و هاونیشتمانیان دەتوانن لەکاتی خۆیدا وەریبگرن".
ساڵانە سەرجەم بەشەخۆراکەکان دابەش ناکرێت، پار هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشە خۆراک دابەشکراوە، ئەمساڵیش کە نیوەی ساڵەکە خەریکە تەواو دەبێت تەنیا سێ بەشە خۆراک دابەش کراوە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
